کەشناسێک زانیاری نوێ لەبارەی کەشوهەوای رۆژانی داهاتوو بڵاودەکاتەوە و دەڵێت" خۆڵبارین دەستپێدەکات و ئەگەری بارانبارینی بەخۆڕ و تەرزە هەیە".
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" سبەی پێنجشەممە لەئەنجامی دووبارە چالاکبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆی گەرمی خەماسینی و دەریای سوور لە کاتەکانی نیوەرۆوە ناجێگیری کەش و ھەوا سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراقەوە دەستپێدەکاتەوە و لەناوچەکانی پارێزگای ئەنبار ئەگەری چالاکبوونی ھەورە بروسکەی بەھێز و تەرزە و بارانی بەخوڕ ئەبێت لەگەڵ دروستبوونی گەردەلول و دیواری خۆڵی چڕ".
ئاشکراشی دەکات " دواتر لەرێگای باوە خۆڵبارینەکە فراوان ئەبێت بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراق و پاشان لەشەودا بەرێژەیەکی کەمتر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیش ئەگرێتەوە و لەگەڵیدا لە کات و شوێنی جیاوازدا ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت لەگەڵ نمە باران و لەناوچە شاخاویەکان ئەگەری تاوە باران و تەرزەی مامناوەند ئەبێت کە بۆ کاتە جیاوازەکانی رۆژی ھەینی ٢ی ئایار حاڵەتەکە چالاکتر ئەبێت بەتایبەت لەناوچە شاخاویەکان ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە ئەبێت ".
دەشڵێت" لەدواین گۆرانکاریەکاندا ماوەی ئەم حاڵەتە درێژبووەتەوە و تا ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو ٦ی ئایار بەردەوامی ئەبێت ، وە دەنگۆی نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما دوورن لەراستیەوە و بەدرێژای ئەو ماوەیە ناوچەکە لەژێر کاریگەری بارستە ھەوای گەرمدایە تەنھا لەکاتی بارانبارینەکان لەھەندێ شوێندا پلەی گەرمی بەشێوەیەکی کاتی نزمدەبێتەوە و فێنک ئەبێت".