دارایی هەرێم بڕیاری خەرجکردنی زیاتر لە ٤٥ ملیار دیناری دەرکرد

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بریاریدا بە خەرجکردنی زیاتر لە ٤٥ ملیار دینار بۆ ناوچەکانی دەڤەری پاریزگای سلێمانی و  پارێزگای  هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، لەوانەش ٢٠ ملیار دینار بۆ پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ نیسان، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە لەسەر فەرمانی وەزیری دارایی بڕی نزیکەی ٤٥ ملیار دینار بۆ پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان خەرج دەکات.

بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتەکە ئەو ٤٥ ملیار دینارەی خەرجکراوە بەم شێوەیە دابەشکراوە:
 
١-  چوار ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ خەرجیی دەرمان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی.

٢-  چوار ملیار دینار بۆ خەرجیی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا.

٣-  سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری.

٤-   سێ ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان.

٥-  دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی راپەڕین.

٦-  دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە

٧-  پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەی رێگەی دوو سایدی کەلار - دەربەندیخان.

٨-  ٢٠ ملیار دینار وەکو شایستەی دارایی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی (شاڕێی بابان).

٩-  ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دینار پارەی خۆڵ و خاشاک.

 هەروا وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری دا بەبەردەوام بوونی لیژنەی خەرجکردنی گەڕانەوەی ( التأمینات و خطاب الضمان )ی بەڵێندەران لەسەرجەم بانکەکاندا، بەمەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەکان بە پێی ڕێژە و گوژمەی دیاریکراو.



PM:06:29:30/04/2025