ئاسایش سێ حزبی ڕۆژهه‌ڵات له‌سلێمانی ئاگادارده‌كاته‌وه‌

لە درێژەی فشارەکانی یەکێتی و پارتی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سلێمانی ئاسایش پێی راگەیاندوون کە دەبێت تا ڕۆژی شەممە هەموو بارەگاکانیان لە زەرگوێز و زەرگوێزەڵە دابخەن و بە تەواوەتی لە سوورداش نیشتەجێ بن، لە هەولێریش بارەگای پارتی بزووتنەوەی کۆماریخوازان داخرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ نیسان ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات تایبەت بە (سپی) راگەیاند کە پێویستە تا رۆژی شەممە سەرجەم بارەگاکانیان چۆڵ بکەن و لە سوورداش نیشتەجێ بن.

ئەو ئەندام سەرکردایەتییە باسی لەوەش کرد کە ئاسایش لە کاتێکدا ئەو بڕیارەی داوە کە بەشێک لە پابەندییەکانی بۆ دروستکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون لە سوورداش بۆ بنەماڵەی ئەو پێشمەرگانە دروست نەکردووە و سەرەرای ئەمەش فشاری بۆ هێناون کە بۆ ئەو شوێنە بگوازرێنەوە.
سەبارەت بە کاردانەوەی حیزبەکانیش ئەو بەرپرسە باڵایە بە سپی راگەیاند کە ئەوان بڕیارەکە جێبەجێ ناکەن".
هەر سەبارەت بە فشارەکانی سەر حیزبە ڕۆژهەلاتییەکان ئەمڕۆکە ئاسایشی هەولێر بارەگای پارتی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی لە هەولێر داخست.

ئەوەش لە کاتێکدا کە بە گوێرەی ڕێکەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران و حکومەتی هەرێم ئەو پارتە سیسیانەی وا نیشتەجێی زەرگوێزەڵە و زەرگوێزن دەبێت بۆ کەمپی سوورداش بگوازرێنەوە..




PM:08:28:30/04/2025