ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان لە راگەیەنراوێکدا روو لە حکومەتی سوریا دەڵیت”ڕێگری لە کۆمەڵکوژی تاییفی بگرن”.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ نیسان ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بڵاوکراوەیەکدا، رایگەیاند" لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا شارەکانی جەرامانە و سەحنایە سەر بە پارێزگای دیمەشق ڕووداوی دڵتەزێنیان بەخۆوە بینی کە گروپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر ئەو دوو شارە و لە ئەنجامدا زیانی گیانی لێکەوتەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین ئارامبگرن و کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بکەن. هەروەها داوا دەکات حکومەتی دیمەشق دەستوەردان بکات و ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژی و کوشتنی تائیفیانەی خەڵکی سڤیل کە لە کەناراوەکانی سووریا ڕوویانداوە.
بەپێی بڵاوکراوەکە، ئیدارەی خۆسەر بنیاتنانی سیستەمێکی فرەیی و دیموکراسی کە نوێنەرایەتی هەموو سوورییەکان بکات بە چارەسەر دەزانێت، هاوکات ڕاشیگەیاند، ئیدارەی خۆسەر بە تەواوی هەموو دەستوەردان و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی ڕەتدەکاتەوە و داوای گفتوگۆ و جارەسەری گرفتەکان بە ئاشتی دەکات.
جەختیشدەکاتەوە"ئەمڕۆ زیاتر له هەموو کات سووریا پێویستی به دەستوور و حکومەتێک هەیه که مافەکانی هەموو هاووڵاتییەکانی زامن بکات و نوێنەرایەتی بکات و چارەسەڕێکی دیموکراسی هەمەلایەنه که بەشداری هەموو لایەک لەپرۆسەی سیاسیدا مسۆگەر بکات".
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بانگەوازی خۆی بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپاتدەکاتەوە کە توندوتیژی ڕابگرن و پەنا بۆ دیالۆگ ببەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و یەکخستنی سووریاییەکان و لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ خواستەکان بگونجێت بۆ ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە.