ئەفسەرێکی پلە باڵای هاتوچۆی سلێمانی چوار مانگە لە زیندانە

 بە پێچەوانەی لێدوانەکانی بەێوەبەری هاتوچۆی سلێمانیەوە: کە هیچ ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ زیندان نییە. « سپی » زانیاری لایە کە ئەفسەرێکی پلە بەرزی هاتوچۆ بە پلەی موقەدەم چوار مانگە بە تۆمەتی بەرتیل و تەزویر لە زیندانە.

دوو رۆژ لەمەوبەر بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای نزیک لە پارتی راگەیاند کە هیچ ئەفسەرێکی پلەبەرزی پۆلیسی هاتوچۆ زیندانی نەکراوە.

بەڵام بەپێی زانیارییەکانی کە دەست سپی کەوتووە ئەفسەرێک  بە پلەی موقەدەم چوار مانگە لە زیندانە و ناوبەناویش ئەفسەر و پلەباڵاکانی هاتوچۆ سەردانی دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو ئەفسەرە بە تۆمەتی  تەزویر و  بەرتیل وەرگرتن  دەستگیرکراوە.

هاوکات دوو فەرمانبەری دیکەش هەر لەسەر ئەم دۆسییەیە دەستگیرکراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی هاوتوچۆی سلێمانی کە بەرێوەبەرایەتیەکی خزمەتگوازریە، رۆژانە فەوزایەکی زۆری تێدایەو هەفتەی رابردوو چەند ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە قەرەباڵغییەکی زۆری تێدا دروستبووەو، پاڵنان فشارخستنە سەر دەرگاکان لەو گرتە ڤیدیۆانەدا دەردەکەوتن.

سەرەڕای ئەوەی کە دۆخی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە هەستیارە بەم شێوەیەیە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هیچ هەنگاوێک نانێت بۆ چارەسەرکردنی.




PM:11:16:30/04/2025