كاتی بەڕێكەوتنی حاجییانی هەرێمی كوردستان بۆ سعودییە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، دیاری كرا، ڕۆژی 16ی ئەم مانگە بەڕێكەوتنی یەكەم كاروانی حاجییان دەست پێدەكات.
كاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند" ڕۆژی ١٦ی ئایار، یەكەم كاروانی حاجییان كە پێكهاتون لە هەزار و ٦٥٤کە، بە ڕێگای وشکانی بەڕێدەكەون بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.
رونیشی کردەوە کاروانی حاجییانی بە ڕێگای وشکانی، بە دوو رۆژ گەشت دەکەن، حاجییانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و گەرمیان، لە رۆژی ١٦ی مانگ و کاروانی حاجییانی پارێزگای هەولێر، دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ، لە رۆژی ١٧ی هەمان مانگەوە بەرەو سعودیە بەڕێ دەکەون.
وتیشی" ڕۆژی ١٩ی مانگ كاروانی حاجییان كە ژمارەیان سێ هەزار و ٤٩١ حاجییە، بە ڕێگەی ئاسمانی لە ڕێگەی هەردو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بەرەو سعودییە بەرێدەكەون و گەشتە ئاسمانییەكانیش تا ٢٨ی مانگ بەردەوام دەبن.
سەبارەت بە کاتی گەڕانەوەی حاجییانیش، وتەبێژەکەی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە ، وتی، لە رۆژی ١٠ی مانگی ٦ و رۆژانی دواتر دەگەڕێنرێنەوە.
وتەبێژەکەی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان دەشڵێت" بەگوێرەی بڕیارەكانی سعودییە، ئەمساڵ كەس ناتوانێت بە ڤیزای گەشتیاری و ڤیزای یەك ساڵی حەج بكات، چونكە پێدانی ئەو ڤیزایانە ڕاگیراون".