سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند" کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی یاسایەکی کاری سەردەمیانە کە یەکسانی و دادپەروەری لە کارکردندا بپارێزێت و لە سایەیدا ژیانێکی شەرەفمەندانەتر بۆ کرێکاران دابینبکات".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند" لە رۆژی یەکی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکاران بە گەرمی پیرۆزبایی لە کرێکارانی خۆشەویست دەکەم و دەستی ماندوبوونیان دەگوشم".
وتیشی" وەکو هەمیشە بە رێزەوە لە رۆڵی گرنگ و بەشداری و ماندوبوونی کرێکارانی کوردستان دەڕوانم کە بەشێکبوون لە قوربانیدان و سەرخستنی خەباتی گەلەکەمان کە لە بونیادنان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە ئازیزەکەشماندا دەستێکی باڵایان هەبووە".
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت" یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆش و پشتگیریی هێنانەدی خواست و پاراستنی مافی کرێکارانە و کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی یاسایەکی کاری سەردەمیانە کە یەکسانی و دادپەروەری لە کارکردندا بپارێزێت و لە سایەیدا ژیانێکی شەرەفمەندانەتر بۆ کرێکاران دابینبکات".
سەرۆکی یەکێتی ڕاشیگەیاند" ئێمە باوەڕی تەواومان بە خەباتی پیشەیی کرێکاران هەیە و بۆ هەمیشە لەگەڵتان دەبم و پشتگیرێکی سەرەکیم بۆ داواکارییە رەواکانتان".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا هاتووە"دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو کرێکارانەی لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە، سەربەرزیش بۆ کەسوکارە بەڕێزەکانیان".