بە بۆنەی رۆژی جیهانی کرێکارانەوە سەرۆکی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" پشتگیریی تەواوی مافەکانی کرێکاران و داوا رەواکانیان له هەرێمی کوردستان دەکەین".
هەروەها وتیشی" جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه كه لایەنە پەیوەندیدارەکان ده‌بێ چاودێریی خێزانەکانیان بکەن و هه‌موو پشتیوانی و هاوكارییه‌كی پێویستیان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بە بۆنەی یەکی ئایار، جەژنی جیهانیی کرێکارانه‌وه، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە هەموو کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیهان و رێكخراوه‌كانیان دەکەم. ره‌نج و كۆشش و ماندووبوونیان لە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و بەشداریی كارا و بنەڕەتییان لە پێشخستن و گەشەسەندنی وڵات‌دا، بەرز دەنرخێنم.
جەخت لەسەر پشتگیریی تەواوی مافەکانی کرێکاران و داوا رەواکانیان له هەرێمی کوردستان دەکەینەوە، هه‌روه‌ها پێداگری لەسەر پێویستیی دابینکردنی ژینگەیەکی کاری ئارام و بەدیهێنانی دادپەروەری لە هەلەکانی کار و ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان كرێكاران و خاوه‌نكاران دەکەین لەسەر بنەمایەک کە شکۆی کرێکار بپارێزێت و دڵنیاییی گوزه‌ران و ژیانیان، مسۆگه‌ر بکات.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه، به ڕێزه‌وه هه‌موو ئه‌و كرێكارانه به‌بیرده‌هێنینه‌وه کە لە کاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە و سڵاو له خێزان و كه‌سوكاریان ده‌كه‌ین. جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه كه لایەنە پەیوەندیدارەکان ده‌بێ چاودێریی خێزانەکانیان بکەن و هه‌موو پشتیوانی و هاوكارییه‌كی پێویستیان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت.
هیوای پشوویەکی ئارام و ئاسووده بۆ هەموو کرێکاران و سەرکەوتن له هه‌وڵ و خەباتیان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافەکانیان ده‌خوازم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
1ی ئایاری