ستار دەنبووس: لە عێراق ٢٠ ملیون کرێکاری بیانی لە وڵاتەکەدا کاردەکەن

یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی عێراق ئاشکرای دەکات کە رێژەی بێکاری لە عێراق ٢٠%ـی تێپەڕاندووە، کەچی نزیکەی یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە وڵاتەکەدا کاردەکەن وکاریگەری نەرێنی لەسەر کاری کرێکاران دەبێت.
 
ستار دەنبووس، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکی ئایاری ٢٠٢٥ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی پارتی رایگەیاند " گرنگترین بابەت تۆمارکردنی کرێکارە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا، تاوەکو مافی خۆی و خێزانەکەی لە داهاتوودا مسۆگەر بکات."
 
ستار دەنبووس وتی"لە ٢٠٠٣ەوە  تاوەکو نزیک ٢٠١٠ ، ژمارەی تۆمارکراوان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تەنیا ٣٥٠  هەزار کرێکار بوو، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە بەراورد بە عێراق، کە زیاتر لە ١٥  ملیۆن کرێکاری تێدایە، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ٨٥٠ هەزار کرێکاری دەستەبەرکراو".
 
سەبارەت بە ژمارەی هێزی کاری بیانی لە عێراق، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران دەڵێت "بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکانی کار، پلاندانان و ناوخۆ، زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراقدا هەن، لە کاتێکدا عێراق خۆی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنێت."
 
ستار دەنبووس لەبارەی رێژەی بێکاری باسی لەوە کرد"بەپێی وەزارەتەکانی پلاندانان و کار، رێژەی بێکاری لەناو چینی کرێکارانی عێراقدا بە نزیکەی ١٣% مەزەندە دەکرێت، بەڵام رێژەکە زیاترە لە ٢٠%، ئەمەش بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، هەروەها لەبەر ئەوەی دەوڵەت دوو ساڵ پێش ئێستا رایگەیاند هیچ دامەزراندنێک نییە، مەگەر بەپێی پێویستیی وەزارەتەکان بێت."
 
ستار دەنبوس راشیگەیاند "کاتێک تەنیا ٣٥٠ هەزار کرێکار دەستەبەرکرابوون، مووچەی کرێکاری خانەنشینکراو لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٥٠ هەزار دینار بوو، ئەویش مانگ نا مانگێک وەری دەگرت، بەڵام دوای وەبەرهێنان لە پارەی سندووقەکە (سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی)، کەمترین ئاستی کرێ بووە بە ٣٥٠ هەزار دینار، کە ئەمەش بڕێکی زۆر کەمە بە بەراورد بە نرخی باو لە بازاڕەکاندا، رەخنەشی لەوە گرت وەزارەتەکان، وەک شارەوانییەکان، مافی کرێکاران پێشێل دەکەن."




AM:11:23:01/05/2025