ئەمڕۆ یەکی ئایار بە رۆژی جیهانیی کرێکاران ناسراوە و لە ١٩٤ وڵاتی جیهان لەوانەش هەرێمی کوردستان، وەک ڕێزلێنان لە کار و زەحمەتی کرێکاران، پشوی فەرمییە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی ڕووداو و نەخۆشیی پەیوەست بە کارەوە، گیان لەدەست دەدەن. ڕێکخراوەکە مەزەندە دەکات کە ٣٩٥ ملیۆن کرێکار لە سەرانسەری جیهاندا، بەهۆی کارەوە تووشی نەخۆشیی قورس دەبن.
بە گوێرەی ئامارەکانی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٢ کرێکار لە شوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەست داوە و هاوکات ساڵی رابردوش ٦٢ کرێکار لە شوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەست داوە و ٢٥ کرێکاریش برینداربون.
بیرۆكەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران بۆ یەكی ئایاری ١٨٨٦دا، دەگەرێتەوە کە لەو ڕۆژەدا سەدان هەزار کرێکار لە شاری شیكاگۆی ئەمریکا لە نارەزایەتی دەربرین بە بارودۆخی کار و ژیانیان خۆپیشاندانێکی گەورەیان ڕێکخست و تێیدا داوای هەشت کاتژمێر کار و هەشت کاژمێر پشودانیان دەکرد.
دواتر پۆلیس هێرشی کردە سەر خۆپیشاندانەکە و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک کرێکار و پۆلیس گیانیان لەدەست دا و پێنج کەس لە چالاکانی کرێکاریش کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرابون لەسێدارەدران.