لە یەکەم لێدوانی لەسەر پرسی فیدراڵی بۆ ئایندەی سوریا، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایدەگەیەنێت" فیدراڵی یان هەر سیستمێکی دیکە لەسوریا دەگەرێتەوە بۆ بڕیاری گەلی ئەو وڵاتە".
رۆژی پێنج شەممە ١ ی ئایار ستێفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند " گرنگە هەموو دەنگەکان لەسوریا ببیسترێنو هەموو گروپە ئایینییەکان، هەموو نەتەوەکان هەست بکەن نوێنەرایەتییان بکرێت".
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەخت لەسەر بەرقەراری ئاسایش لە سوریا دەکاتەوە.
لەبارەی هەڵوێستی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکانیش سەبارەت بە سیستمی فیدراڵی لەسوریا، ستێفان دوجاریک وتی" سکرتێری گشتیی سیاسەتمەدارێکی سوریایی نییە، کاری ئەو نییە بڕیار بداتو ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستوەتەڕوو، کە بریتییە لە بەشداریی هەموانو بەرپرسیارێتی، بەڵام وردەکارییەکان بڕیاری گەلی سوریایە ".
ئەم لێدوانەی ئەم بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە لە کۆنگرەی یەکێتی کوردانی سوریا کە هەفتەی رابردوو لە قامشلۆ بەرێوەچوو داوای سیستەمی فیدراڵی کرا بۆ ئایندەی سوریا.
چەند رۆژێکیشە تورکیا دژی ئەم داوایەی کوردانی سوریا وەستاوەتەوە، هەروەها ئەمڕۆ پێنج شەممە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند لە رێگای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەلەشرع و مەزڵوم عەبدیەوە دەیانەوێت بەر لە فیدراڵیەتی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بگرن.