حەج و عومرەی هەرێم لەبارەی پێدانی دۆلار بە حاجیان روونکردنەوە دەدات

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم ڕایگەیاند" بڕیاری پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی حاجییەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی ئایاری ٢٠٢٥ کاروان ستوونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند"بانکی ناوەندی بە نووسراوی فەرمی ڕایگەیاندووە دۆلار بە نرخی فەرمی بە حاجییان دەفرۆشن، بەڵام ئەمە حاجیانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە".

کاروان ستوونی دەشڵێت" ڕۆژی یەکشەممە بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق دەکەین هەماهەنگی بکەن لەوەی ئەم بڕیارە حاجیانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، چونکە ساڵانی ڕابردووش ئەم بڕیارە حاجیانی هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆکە بانکی  ناوەندی عێراقی ڕایگەیاند" پێنج هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی واتە ١٠٠ دۆلار بە ١٣٢ دەداتە هەر هاووڵاتییەک  کە بیەوێت گەشتی دەرەوەی عێراق بکات".



PM:08:47:01/05/2025