ئەمڕۆ هەینی ٢ی ئایاری ٢٠٢٥ تەرمی پیاوێکی کورد کە کاری شۆفێری تەکسی دەکرد، لەناو خانوویەکی تەواونەکراودا دۆزرایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، لە سنووری پارێزگای کەرکوک ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی تەرمی پیاوێکی کوردی تەمەن ٤٥ ساڵی لە خانوویەکی تەواونەکراودا دۆزیوەتەوە کە شۆفێری تەکسی بووە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەرمەکە نیشانەی ئەشکەنجەدانی لەسەر جەستە بووە، هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان تاوانەکە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئەنجامدراوە کە قوربانییەکەیان ڕفاندووە و ئۆتۆمبێلەکەیان دزیوە.
لە ئێستادا لایەنە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەی بەپەلەیان بۆ ڕووداوەکە دەستپێکردووە، هاوکات تیمەکانی پزیشکی دادوەری تەرمەکەیان گواستۆتەوە بۆ بەشی پزیشکی دادوەری بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێویست و تا بە وردی هۆکاری مردنەکەی دیاریبکەن.