لە شاری زاخۆ لە دوو رووداوی جیاوازدا کرێکارێک لە بینایەک دەکەوێتە خوارەوەو گیان لە دەستدەدات. لە رووداوێکی تریشدا تەرمێک بە خنکاوی لە رووباری خابیر دەدۆزرێتەوە.
پۆلیسی زاخۆ، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، دوو كرێكاری خەڵکی رۆژئاوا لە كاتی كاركردن لە باڵەخانەیەكەوە لە دریم سیتی كەوتونەتە خوارەوە، یەكێكیان کە تەمەنی ٢٥ ساڵە گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی زاخۆ لە راگەیەندراوێكی دیكە بڵاویکردۆتەوە" هەر ئەمڕۆ هەینی نزیك کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، تەرمی هاوڵاتییەك لە روباری خابیر لە نزیك گەڕەكی سێمالكا دۆزراوەتەوە. تەرمەكە لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانی لە روبارەكە دەرهێنراو رەوانەی پزیشكی داد لە زاخۆ كرا".
پۆلیسی زاخۆ هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەو هاوڵاتییەی تەرمەكەی دۆزراوەتەوە ناوی (ر. ح. ع.) تەمەن ٢٤ ساڵ بوە، ماوەی سێ رۆژ بوو دیار نەمابوو و دۆسیەی دیارنەمانی لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوان بۆ كرابوەوە گەڕان بەدواییدا بەردەوام بوو.