ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان، هۆشداریی دەداتە حەماس لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەی، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، کە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دروست دەکات.
ئەمڕۆ هەینی ٢ی ئایار جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی وڵاتەکەی کرد، کە سەرۆک وەزیران، وەزیرانی دارایی، بەرگری، ئابووری، کاروباری دەرەوە، داد و ناوخۆ، هەروەها فەرماندەکانی خزمەتگوزارییە ئەمنی، سەربازییەکان، بەرپرسانی دیکەی ئەمنی و دادوەری ئامادەی بوون.
ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، جەختی لەسەر پێویستی ڕێگەنەدان بە حەماس یان هەر گرووپێکی دیکەی چەکداریی کردەوە لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکە. هاوکات ئاماژەی بەوە دا، سەقامگیری ئەمنی و یەکپارچەیی خاکی لوبنان لە پێش هەموو شتێکدایە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەنجوومەنی باڵای بەرگری ڕاسپاردەیەک پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکە دەکات، تا لەو ڕێگەیەوە هۆشداریی بە حەماس بدرێت لە بەکارهێنانی خاکی لوبنان.
جەخت لەوەش کراوەتەوە، زۆرترین ڕێوشوێن و ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی هیچ گرووپ و لایەنێک نەتوانێت سەروەریی خاکی لوبنان پێشێل بکات و ئاسایشەکەی بخاتە ژێر مەترسییەوە.