پزیشکانی پلەبەندی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە

پزیشکانی پلەبەندی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە راگەیەنراوێکدا داوای بەرزکردنەوەی پلەکانیان دەکەن بۆ پزیشکی نیشتەجێ دەشڵێن، ماوەی ساڵێک و چوار مانگ بەسەر ماوەی یاساییاندا بۆ بەرزکردنەوەی پلەکانیان تێپەڕبووە و داواش دەکەن پەلە بکرێت بۆ دامەزراندنیان.

ئەمڕۆ شەممە ٣ی ئایار پزیشکانی پلەبەندی سپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە بەشێکی ئەو راگەیەنراوە چوار خاڵییەدا کە بڵاویان کردوەتەوە دەڵێن"وەک پزیشکانی پلەبەند کە ئەرکمان بریتییە لە خزمەتکردن لە بنکەو مەڵبەندە تەندرووستییەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کە لە دەرەوەی سەنتەری شارەکانن،ماوەی ساڵێک و ٤ مانگە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر ئەو ئەرکەی هەمانە بەردەوامین لە خزمەت لە سەرجەم بنکە و مەڵبەندە تەندروستیەکان سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ مانگ بەسەر ماوەی یاسایی خۆی کە دەبوایە پلەمان بەرزبکرایەتەوە بۆ پزیشکی نیشتەجێی دێرین".

راشیانگەیاندووە"سەرەڕای ئەوەی پێویستە قەرەبووی ئەو ماوە زیادەیە بکرێتەوە کە وەک پزیشکی پلەبەند لە بنکە تەندروستیەکان دەواممان کردووە  ، داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندرووستی زیاتر لەمەی ئێستا هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن بەرامبەر ئێمە و ئەم دۆخە و هەوڵی جددی بدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو و پەلە بکرێت لە دامەزراندنی پزیشکانی دەرچووی ساڵی ٢٠٢٤ی زانکۆکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان  ، ئەمەش لە پێناو ڕێککردنەوەی سیستمی پلەبەندیی پزیشکی و بەردەوامی و پەکنەکەوتنی خزمەت  لە مەڵبەند و بنکە تەندروستیەکان ، وە بە پێچەوانەوە و لە ئەگەری خەمنەخواردن لەم دۆخەی پزیشکانی تێکەوتووە ،  بە هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم چینەکانی تری پزیشکان ئامادەی هەڵوێست وەرگرتنین".

دەقی راگەیەنراوی پزیشکانی پلەبەندی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە

‌‌‌‎دەزگاکانی ڕاگەیاندن 

‌‌‌‎هاونیشتمانیانی ئازیز 

‌‎وەک پزیشکانی پلەبەند کە ئەرکمان بریتییە لە خزمەتکردن لە بنکەو مەڵبەندە تەندرووستییەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کە لە دەرەوەی سەنتەری شارەکانن،ماوەی ساڵێک و ٤ مانگە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر ئەو ئەرکەی هەمانە بەردەوامین لە خزمەت لە سەرجەم بنکە و مەڵبەندە تەندروستیەکان سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ مانگ بەسەر ماوەی یاسایی خۆی کە دەبوایە پلەمان بەرزبکرایەتەوە بۆ پزیشکی نیشتەجێی دێرین. 

‌‌‌‎*لە ئێستادا و دوای ئەوەی هەڕەشەیەکی جددی لەسەر فەوتان و بەفیڕۆچوونی ساڵێکی تەمەنمان و تێکچوونی سیستمی پلەبەندیی پزیشکی لە ئارادایە  سەرنجتان ڕادەکێشین بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە: 

‌‌‌‎١- ماوەی ساڵێک و ٤ مانگە پارەی دەرماڵەی خواردنمان لێ بڕدراوە  کە زیاتر لە ٣٥٠ هەزار دینارە بۆ هەر مانگێک لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان وە بەپێی ئەو سیستمە پلەبەندییەی پزیشکی کە هەمانە ئەبوایە دوای ساڵێک بگەڕاینایەتەوە نەخۆشخانەکانی ناو شار و دەرماڵەمان دووبارە بۆ ببەسترایەتەوە . 

‌‌‌‎٢- مەترسی ڕێگا و هاتووچۆ بۆ بنکەکانی دەرەوەی شار لەسەر پزیشکانی پلەبەند  سەڕەرای تەواوبوونی ئەرکەکانیان بۆ ماوەی ساڵێک لەو جێگایانەی وەک پزیشکی پلەبەند دەست بەکاربوون لێی . 

‌‌‌‎٣-  دوورکەوتنەوەمان لە نەخۆشخانە گشتییەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک کاریگەریەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی زانستی پزیشکیمان دروست ئەکات ، وەک ئاشکرایە پزیشکانی پلەبەند دوای گەڕانەوەیان بۆ نەخۆشخانە گشتییەکان لە ناو سەنتەری شارەکان دووبارە پێویستە دەست بە خوێندن بکەنەوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستییان و لە پێناو خزمەتکردنی نەخۆش لە داهاتوودا .  

‌‌‌‎٤- ڕێکنەکردنەوەی سیستمی پلەبەندیی پزیشکان نەک تەنها بۆ پزیشکانی پلەبەند بەڵکو زیانەکانی بۆ پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و نیشتەجێی دێرینیش بە ڕوونی دیارە ، لە ئەگەری بەردەوام بوون بەم شێوازە نادادپەروەرانە و فەوتانی ساڵێکی تەمەنمان و مانەوەمان وەک پزیشکی پلەبەند بارگرانییەکی زیاتر بۆ پزیشکانی نیشتەجێی دێرین و نەخۆشخانە گشتییەکان درووست دەکات . 

‌‌‌‎سەرەڕای ئەوەی پێویستە قەرەبووی ئەو ماوە زیادەیە بکرێتەوە کە وەک پزیشکی پلەبەند لە بنکە تەندروستیەکان دەواممان کردووە  ، داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندرووستی زیاتر لەمەی ئێستا هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن بەرامبەر ئێمە و ئەم دۆخە و هەوڵی جددی بدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو و پەلە بکرێت لە دامەزراندنی پزیشکانی دەرچووی ساڵی ٢٠٢٤ی زانکۆکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان  ، ئەمەش لە پێناو ڕێککردنەوەی سیستمی پلەبەندیی پزیشکی و بەردەوامی و پەکنەکەوتنی خزمەت  لە مەڵبەند و بنکە تەندروستیەکان ، وە بە پێچەوانەوە و لە ئەگەری خەمنەخواردن لەم دۆخەی پزیشکانی تێکەوتووە ،  بە هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم چینەکانی تری پزیشکان ئامادەی هەڵوێست وەرگرتنین. 

‌‌‌‎پزیشکانی پلەبەندی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 
٣/٥/٢٠٢٥




PM:05:50:03/05/2025