بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی بە بۆنەی کۆچی دوایی سڕی سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی رایگەیاند، "سری سوورەیا ئۆندەر هەموو هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بوو لە باکووری کوردستان و تورکیا".
لە پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتیدا هاتووە، "بۆ ئەم خەمە قووڵە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری بەڕێزیان و پارتی دەم و هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم، کە لە خەمی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد دان بە دیالۆگ و گفتوگۆ."
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامی سەرەخۆشییەکەیدا لەبارەی سڕی سورەیا ئۆندەرەوە رایگەیاندووە، "سری سوورەیا ئۆندەر هەموو هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بوو لە باکووری کوردستان و تورکیا، لەدەستدانی بەڕێزیان جێگەی داخە و گەلی کورد دڵسۆز و خەمخۆرێکی راستەقینەی لەدەستدا".
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتیدا ئەوەش هاتووە، "لە خوای گەورە داواکارین رۆحی بەڕێز سری سوورەیا ئۆندەر بۆ هەمیشە شادبێت و ئارامی و سەبووری بە هەموولایەک ببەخشێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە سرڕی سورەیا ئۆندەر سیاسەتمەداری بەناوبانگ و ئەندامی شاندی ئیمراڵی ئەم ئێوارەیە لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.