لە ئۆپەراسیۆنێکی هەسەدە و هاوپەیماناندا ئەمیرێکی داعش لە دێرەزور دەستگیرکرا کە بەناوی زەکات بەزۆر سەرانەی لە هاوڵاتییان سەندوە، ڕوانگەی سورییش دەڵێت" لەمساڵدا داعش زیاتر لە ٧٠ هێرشی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە و بەهۆیانەوە نزیکەی ٣٠ کەس شەهیدبوون".
هێزەکانی سوریای دیموکراتی ناسراو بە هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانیان و هاوپەیماناندا لە دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی دێرەزور، لە یەکی ئەم مانگەدا ئەمیرێکی ڕیکخراوی داعش دەستگیرکرا کە بەرپرسی ئابووریی ڕێکخراوەکە بووە لە ناوچەکە و بە زۆر و بە ناوی زەکات پارەی لە هاوڵاتییانی ناوچەکە سەندوە، لەگەڵ ئەوەشدا تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازیی بۆ ڕێکخراوەکە دابینکردوە.
لای خۆشییەوە ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند" کە چالاکییەکانی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەریی زیادیکردوە و تەنها لە چوار مانگی ڕابردوودا، ٢٨ کەس لە ئەنجامی ٧١ چالاکیی چەکدارانی داعشدا شەهیدبوون، کە ١٨ لە قوربانییەکان ئەندامی هێزەکانی خۆبەرێوەبەریی و هەسەدە بوون."