وەزیری دارایی عێراق لەبارەی خەرجكردنی مووچە ڕوونکردنەوە دەدات

وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت" بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ئەو حیسابە تایبەتەی ئەمانەتە باجییەکان، دەتوانرێت خەرج بكرێت بۆ مووچەی مووچەخۆران". 

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" ئەو حیسابە تایبەتەی ئەمانەتە باجییەکان کە لە بانکی ناوەندی عێراق کراوەتەوە، تایبەتە بەو بڕە پارانەی کە لە کەسانی پابەند بە پێدانی باج کۆکراوەتەوە و زۆربەیان بە داهاتی کۆتایی بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت دادەنرێن". 

ڕاشیگەیاندووە" ڕاکێشانی بڕەکانی ئەمانەتە باجییەکان رێکارێکی ئاساییە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٢٩٤) ساڵی ٢٠٢٥، بۆ پێدانی مووچەی مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر". 

وەزیری دارایی عێراق ڕوونیشیکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە ١٥ کە لە ١٥/٤/٢٠٢٥ بەسترا، رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی دەسەڵات بە وەزیری دارایی بۆ راکێشانی بڕی ٣,٠٤٥,٠٠٧,٥٠٠,٢٥٢ دیناری ئەمانەتە باجییەکان کە پێنج ساڵیان بەسەردا تێنەپەڕیوە، بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر.

تەیف سامی جەختیکردەوە کە، زۆربەی ئەو کەسانەی پێویستە لەسەریان باج بدەن، سەردانی فەرمانگەکان ناکەن بۆ تەواوکردنی ئەوەی لە ئەستۆیانە لە هەژمارکردنی باج، بە مەبەستی خۆدزینەوە لەو باجەی کە دانراوە.

دەشڵێت" وەزارەت لیستی ناو و ژمارە و بڕی پارەی ئەو کەسانە و کۆمپانیایانەی لای هەیە کە پارەیان لە ئەستۆیە، بۆ گەڕانەوە بۆیان لە کاتی سەردانکردنی دەستەی گشتی باجەکان لەلایەن کەسانی پابەندەوە". 



PM:07:36:04/05/2025