کەشناسێکی دیاری هەرێم ئەمشەو یەکشەممە لە نوێترین ڕاپۆرتیدا وادەی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و کۆتای ھاتنی باران و خۆڵبارینی ڕاگەیاند و دەڵێت" لە کاتەکانی سبەی ئێوارە و شەودا کاریگەری خۆڵبارین کەمدەبێتەوە و کۆتای پێدێت".
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" سبەی دووشەممە کاریگەری بارستە ھەوای فێنکی دەریای ناوەراست داخڵی ناوچەکانمان دەبێت سەرەتاش لە رۆژئاوای ھەرێمەوە داخڵ دەبێت و بەگشتی بەھۆیەوە بای رۆژئاواو و باکوری رۆژئاوا چالاک دەبێت لە زۆربەی کاتەکان بەخێرای ٢٠ تا ٤٠ کم/ک دەبێت و کاتەکانی ئێوارە کەمدەبێتەوە".
دەشڵێت" خۆڵبارینەکەش لەسەر ناوچەکانمان لە کاتەکانی سبەی ئێوارە و شەودا کەمدەبێتەوە و کۆتای پێدێت لەگەڵ چالاکبوونەوەی ھەورە بروسکە و تاوە بارانی جیاجیا لە ھەندێ ناوچەدا بەتایبەت ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی سۆران".
ئاراس جەبار ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ سبەی ١ تا ٢ پلە نزمدەبێتەوە و بۆ رۆژی سێشەممەش کاریگەری ئەو بارستە ھەوا فێنکە زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە سبەی ٤ تا ٦ پلەی دیکە لە سەرجەم ناوچەکان نزمدەبێتەوە، هەروەها کەش لە رۆژدا فێنک و لە کاتەکانی شەویشدا بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان ساردەبێت وە کاریگەری ئەو بارستە ھەوا شێدار و گەرمانەی لە باشورەوە ماوەیەکی زۆرە کاریگەریەکانی بەردەوامی ھەیە بەھۆی ئەم بارستە ھەوایەوە لەسەر ناوچەکان دووردەکەوێتەوە و لە ئێوارەی رۆژێ سێشەممەوە کەش و ھەوا بەتەواوی سەقامگیر دەبێت و بارانبارین و ھەورە بروسکە کۆتای پێدێت.
ئەو کەشناسە کوردە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رۆژی چوارشەممەوە کاریگەری بارستە ھەوا فێنکەکەش لە ناوچەکان تێپەردەبێت و پلەکانی گەرما بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێتەوە پلە بەپلە تا کۆتای ئەم ھەفتەیە و سەرەتای ھەفتەی داھاتووش رۆژی شەممە جارێکی دیکە بارستە ھەوایەکی گەرم لە باکوری ئەفریقاوە روودەکاتەوە ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە و کەشێکی ھاوینەیی دەستپێدەکات بەجۆرێ لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و ھەڵەبجە بەرزترین پلەی گەرمی لە رۆژدا لە نێوان ٣٣ بۆ ٣٦ پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە و لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیانیش لە نێوان ٣٨ بۆ ٤٠ پلەی سەدی لە ناوچەکانی ناوەراست و رۆژئاواو و باشوری عێراق بۆ نێوان ٤٠ تا ٤٢ پلە، بەنزیکەی ئەم کەش و ھەوا گەرم و ھاوینەییە تا ١٣ی مانگ بەردەوامی دەبێت.
باسی لەوەشکردووە، لە ١٣ و ١٤ ئەم مانگەوە پێشبینیدەکرێت جارێکی دیکە نزمە پالەپەستۆ جەمسەریەکانی باکور رووبکاتەوە ناوچەکانی تورکیا و دەریای ناوەراست و ھەرێمی کوردستان و ببێتەوە ھۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و دەستپێکردنەوی شەپۆلی خۆڵبارین لەگەڵیدا حاڵەتی ناجێگیری کەش دروستببێتەوە و لە ھەندێ ناوچە و شوێندا باران ببارێت لەگەل چالاکبوونی ھەورە بروسکە.