سودانی بۆ واژۆکردنی چەند یاداشتنامەیەك سەردانی تورکیا دەکات

بڕیارە لەم هەفتەیەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا بکات، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرەش دەڵێت" بە فەرمی شاندێكی عێراق گەیشتوەتە تورکیا بەمەبەستی ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەی سەرۆكوەزیرانی عێراق".

باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویکردەوەتەوە" شاندێكی عێراقی بە فەرمی گەیشتوەتە تورکیا، کە سەردانەکەیان لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکانە بۆ سەردانەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەم هەفتەیەدا".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە" شاندەکە پێكهاتوە لە محەمەد رەزا حسێنی – سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی وڵاتانی دراوسێ لە وەزارەتی دەرەوە و ژمارەیەك لە نوێنەرانی وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراق".

ڕونیشکراوەتەوە کە ئامانجی شاندەکە تەواوکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکانە لەسەر یاداشتەکانی لێكتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی تورکیا و واژۆکردنییان. کە یاداشتەکان، خۆی دەبینێتەوە لە چەند بوارێك لەوانەش، پرسی ئاسایش، گواستنەوە، پلاندانان، پەروەردە، پەیوەندییەکان و پیشەسازی.

هاوکات، بە وتەی ماجد جەماوی – باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا گفتوگۆش لەسەر چەند پرسێک دەکات، لەوانەش ڕێگای گەشەپێدان، وزە، بازرگانی.




PM:12:17:05/05/2025