ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری: وەڵامی هەر جۆرە هەڕەشەیەکی نوێی دەدەینەوە

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان سەرکەوتنی ئێشکگری و بەرخۆدانی هاوڵاتییان بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین ڕاگەیاند و لە هەمانکاتدا جەختیان لە بەردەوامی تێکۆشان لە دژی هەر هەڕەشەیەکی نوێ کردەوە. 

بە ئامادەبونی ئەڤین سوید و حسێن عوسمان هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجیکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەشێک لە هاوڵاتیان و ئێشکگرانی بەنداوی تشرین لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، ١٠٠ ڕۆژە گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە کورد و عەرەب و سریانی، بە بەرخۆدان و ئێشکگری بۆ پاراستنی بەنداوەکە سەلماندیان ژیانێکی بێ کەرامەت قبوڵ ناکەن و تا دوا هەناسە ئامادەن بەرگری لە بونیان بکەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتوە، ئەو بەرخۆدانە بە قوربانیدان دەیان هاوڵاتی مەدەنی، توانیان خاک و دەستکەوتەکان بپارێزن و دەرئەنجامی ئەو بەرخۆدانەش وەک سەرکەوتن ڕادەگەیەنن و لە هەمانکاتدا جەخت لە بەردەوامی خەبات لە دژی هەر هەڕەشەیەکی نوێ دەکەنەوە.

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا جەخت لەوەکراوتەوە، بەنداوی تشرین بو بە هێمای یەکگرتویی نەتەوەیی و قەڵای بەرخۆدانی گەل لە دژی دەوڵەتی تورکیا و نمونەیەکی زیندوە بۆ هێزی گەلانی هاوپەیمان لە بەرگریکردن لە خاک و دەستکەوتەکانیان.




PM:02:56:05/05/2025