هەپەگە ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەوە سوپای تورکیا نزیکەی دو هەزار جار لە ڕیگەی ئاسمانی و زەمینی هەرێمەکانی گەریلایان لە باشوری کوردستان بۆردومان کردەوە و دەشڵێت: لە وڵامی چالاکی هێزەکانیان سەربازێکی تورکیا کوژراوە.
هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە ڕاگەیانراوێکی لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە پارێزگای دهۆک بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، تورکیا لە نێوان یەک بۆ چواری ئەم مانگە هەزار و ٢٧٨ جار هەرێمەکانی مەتینا و ٣٩٥ جاریش هەریمەکانی ڕۆژئاوای زاپ و ٣١٥ جاریش هەرێمەکانی خواکوڕک و گارە و بەگشتی هەزار و ٩٨٨ جار بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنی بۆمبڕێژکراو و چەکی قەدەغەکرا هەرێمەکانی گەریلایان بۆردومان و تۆپباران کردوە.
لە ڕاگەینراوەکەی هەپەگەدا هاتوە، لەو ماوەیەکدا گەریلاکانیان چەندین چالاکی و ڵامدانەوەیان ئەنجامداوە و بەوهۆیەشەوە سەربازێکی تورکیا کوژراوە و چەندین زڕێپۆش و کەرەستەی سەربازیشیان تێکشکاندوە.
بە پێی ئامارەکانی هەپەگە، سوپای تورکیا لە مانگی ڕابردو نۆ هەزار و ٧٩٠ جار لە ئاسمان و زەوینەوە هێرشی ئەنجامداوە و بەوهۆیەشەوە چوار گەریلایان شەهید بون.