ڕۆژی سێشەممە ٦ی ئایاری ٢٠٢٥ هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، پووچەڵکردنەوەی دوو هێرشی چەکدارانی داعشی بۆ سەر پێگەکانیان لە گوندەکانی دێرەزوور ڕاگەیاند.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک هێزەکانمان هێرشەکانی شانە تیرۆریستییەکانی داعش بۆ سەر پێگە و پۆستەکانی هێزەکانمان لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور پووچەڵکردەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" دوێنێ دووشەممە، هێزەکانمان دوو هێرشی هاوکاتی شانەکانی داعشیان بۆ سەر شارۆچکەکانی دیبان و ئەلشوهیل لە لادێکانی دێرەزووری ڕۆژهەڵات پووچەڵکردەوە".
هەسەدە دەشڵێت" یەکەم هێرش شەوی ڕابردوو، دووشەممە لەسەر سێشەممە، لەلایەن شانەیەکی تیرۆریستی سەر بە ڕێکخراوی داعش، بۆ سەر خاڵێکی سەربازی سەر بە لیوای دیبان ڕوویدا، شانە تیرۆریستییەکە لە هێرشەکەدا چەکی ئاڕ پی جی بەکارهێناوە، شانەیەکی دیکەش، لە هەمانکاتدا، بە چەکی کڵاشینکۆف هێرشێکی دیکەی بۆ سەر خاڵێکی هێزەکانمان لە شارۆچکەی ئەلشهەیل ئەنجامدا".
ڕاشیگەیاندووە" بەهۆی وریایی شەڕڤانانمانەوە هەردوو هێرشەکەیان بەرپەرچ دایەوە و شانە تیرۆریستییە هێرشبەرەکانیان گرتەوە و ناچاریان کرد لە ژێر لێدانی هێزەکانماندا هەڵبێن، هیچ کام لەم دوو هێرشە هیچ زیانێکی گیانی لە نێو هێزەکانماندا نەبووە، بەڵام لە ناو توخمە تیرۆریستییە هێرشبەرەکاندا زیانی گیانی بەرکەوتووە، بەڵام ژمارەیان پشتڕاست نەکراوەتەوە".