ئاوات شێخ جەناب دەربارەی خانەنشینان زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند هەرچی داتا و زانیاری پێویست و بەردەست بێت دەخرێتە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەوەشی خستەڕوو کە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەندن بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق.

بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب پێشوازی کرد لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان و لەدیدارێکدا گفتوگۆ لە سەر بەرنامەی کاری تیمە هاوبەشەکان کرا کە ماوەی چەند ڕۆژێکە بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی وەرزی یەکەمی سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ لەهەرێمی کوردستانن.

وەزیری دارایی ئامادەیی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیەکانی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی تیمە هاوبەشەکان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند هەرچی داتا و زانیاری پێویست و بەردەست بێت دەخرێتە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا وەزیری دارایی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی لەسەر ئاستی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ تیمە هاوبەشەکان ڕوون کردەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەوانەی تەمەنیان لە ٦٠ ساڵ زیاتر بوو ڕەوانەی خانەنشینی کراون و بەشێک لەوانەشی کەسوکاری شەهید و زیندانی سیاسی بوون بە پێی بڕگەیەکی یاساکە خزمەتیان بۆ درێژکراوەتەوە.

ئاوات شێخ جەناب کورتەیەکیشی لەسەر دواین هەنگاوەکانی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچە لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری من خستەڕوو و ڕایگەیاند بەپێی ئەو پلان و بەرنامانەی دانراون لەمساڵدا زۆربەی مووچەخۆران دەبنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان و پڕۆسەکەش بەباشی بەڕێوە دەچێت.

لە لایەکی دیکەشەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری و بەرپرسانی خانەنشینی لە وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەسەر دواین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی ٩ خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لەسەر ئاستی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ.

لە کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی ڕایگەیاند بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەندین بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق.

لەو ڕوەشەوە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد لە نزیکترین کاتدا ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر هەموو ئاستەکان ئامادە بکەن بەمەبەستی پەسەندکردنی و دواتر گشتاندنی پێبكرێت بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا وەزیری دارایی جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ زوو تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان دووپات کردەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشینی ڕاسپارد هەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ تابتوانرێت لە زووترین کاتدا مامەڵەی دۆسیەی خانەنشینان تەواو بکرێت و دواتر داخڵی لیستی مووچە بکرێت.




AM:12:02:07/05/2025