ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی موچە و کەمکردنەوەی تێچوی بەکارهێنانی کارەبا کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی مووچەی فەرمانبەران و کەمکردنەوەی تێچووی بەکارهێنانی کارەبا تاوتوێ دەکات. 

ئەمڕۆ ٧ی ئایاری ٢٠٢٥ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەن و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن كۆدەبێتەوە.

بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە پڕۆژەی ڕووناکی و دەستەبەرکردنی  کارەبای ٢٤ کاتژمێری و کەمکردنەوەی تێچــووی بەکارهێنانی دەکرێت.

هەروەها گفتوگۆ لەسەر بەدواداچوونی خەرجكردنی مووچەی مانگی نیسانی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو شاندی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گەڕانەوە هەولێر.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکان، بۆ هەماهەنگی و هاریکاری دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیـوانی چـاودێری دارایـی فیـدراڵ و هەرێمـی کوردسـتان ڕادەستپێردرێن.



AM:08:02:07/05/2025