هەسەدە دیاریکردنی ئەبو حاتەم شەقرە وەک فەرماندەی فیرقەی ٨٦ی سوپای سوریا لەلایەن دیمەشقەوە، رەتدەکاتەوە و دەڵێت" شوێنی ئەبو حاتەم شەقرە زیندانە نەک دامەزراوە فەرمییەکان".
فەرهاد شامی، وتەبێژی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی دانانی حاتم شەقرە وەک فەرماندەی فیرقەی ٨٦ی سوپای سوریا لەلایەن دیمەشقەوە، نووسیویەتی" دانانی کەسانی تاوانباری وەک ئەبوو حاتەم شەقرە لە پۆستە هەستیارەکانی سوریای نوێ، قبوڵنەکراوە و دامەزراوەکانی حکومەت پیس دەکات".
بە وتەی فەرهاد شامی" ئەبو حاتەم شەقرە چەندین تاوانی ئەنجامداوە، لەنێویشیاندا شەهیدکردنی هەڤرین خەڵەف، ژنە چالاکی سیاسیی کورد لە رۆژاوا."
دووپاتیشی دەکاتەوە کە، شوێنی ئەبو حاتەم شەقرە زیندانە نەک دامەزراوە فەرمییەکان، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار هەنگاوی بوێرانە بگرنەبەر بۆ لێپرسینەوە لەوکەسانە لەسەر تاوانەکانیان بەرامبەر سورییەکان.
فەرهاد شامی دەشڵێت" تاوانبارێک کە لەناوخۆدا داواکراو بێت و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سزادراو بێت، نابێت شوێنی تاوانبارانی پێشوو بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت هەمان چارەنووسی ئەوانی هەبێت".