کوێخا دێرین کە خۆی بە کوێخای عەشرەتی (عوزێری) دەناساند، دوای سوڵح بۆ کردنی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی و ئەو بنەماڵەیەی دەستدرێژی کردبووە سەر، پاش سێ رۆژ لە دەستگیرکردنی ئەمڕۆ مادە یاسایەکەی لەلایەن دادوەرەوە بۆ گۆڕدراو بە کەفالەت ئازادکرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، ئەمڕۆ دادوەری لێکۆلێنەوە ئەو مادەیەی کە کوێخا دێرینی پێ دەستگیرکرابوو کە مادەی ٤٠٥ بوو گۆڕی بۆ مادەی ٤١٢ لە یاسای سزادانی عێراقی".
رۆژی ١٢ ی شوباتی ٢٠٢٤ دوای رووخانی ماڵی کوێخا دێرین و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی، لە روونکردنەوەیەکدا ئەو دەمە ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد رۆژی ٣٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بەپێی مادەی ٣١-٤٠٥ ـی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەکی و تەقەکەر "ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی" دەستگیرکرا." هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن بە هەمان مادە بۆ کوێخا دێرینیش دەرچوو کە لەو دەمەدا هەڵهاتبوو بوو بۆ دەرەوەی وڵات.( ئەو مادەیە ئەگەر قوربانییەکە گیان لە دەستبدات زیندانی هەتا هەتای بۆ دەدرێت، گەر گیانی لە دەستنەدابێت دادوەر تەقدیری حکومەکە دەکات).
هەر لەو راگەیاندنەی ئەو دەمەی ئاسایشی هەرێمد کوێخا دێرین تۆمەتی "وەرگرتنی سەرانە" لە بازرگانان و بریندارکردنی بازرگانێک، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرابوو، هاوکات " دیوەخانەکەشی " رووخێندرا.
ئەو مادەیەی کە ئێستا کوێخا دێرینی پێ تۆمەتبارکراوە مادەی ٤١٢ یاسای سزادانی عێراقییە کە تیایدا ھاتووە" هەر کەس بە ئەنقەست دەستدرێژی کردبێتە سەر یەکێک، بەبریندار کردن یا بە لێدان بە تووندوتیژی یا بە پێدانی مایەیەکی زیانبەخش، یان بە ھەر کارێکی دیکەی یاسا شکێن بۆ روودانی کەم ئەندامی بەردەوام بە بەندکردن (سجن) سزادەدەرێ لە (١٥) ساڵ زیاتر نەبێ".