سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ئاشکرای دەکاتکە لە دوای جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە کێڵگە پەلەوەریەکان بە بڕی دە ملیار دینار زیانیان پێگەشتووە و دەڵێت" بەرهەم هێنانی پەلەوەر تەمەنی ناگاتە دوو ساڵی دیکە لەناو دەچێت".
رۆژی پێنجشەممە نازم عبدووڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان رایگەیاند" لەدوای کۆتای هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز تا ئێستا سەرجەم خاوەن هۆڵەکانی بەرهەم هێنانی مریشک بەبڕی ۱٠ ملیار دینار زیانیان پێگەشتووە.
وتیشی" هۆکاری زیانەکە نەبونی پلانی حکومەتی هەرێم و پشتیوانی نەکردنی لایەنە پەیوەندی دارەکانە لە چاودێری نەکردنی ئەو پێداویستیانەی بەکاری دەهێنین بەتایبەت جوچک و هێلەی تروکاندن هاوردە دەکرێت کە خراپەو بۆتە هۆی زیانگەیاندن بە خاوەن کێڵگەکان، وەڕێگریکردن لەلایەن بازگەکانی حکومەتی عێراق کە ناهێڵێت مریشک بروات بۆ خواروی عێراق زیانێکی زۆری لێداوین".
نازم جاف، وێرای دەربڕینی نیگەرانی ئاشکرای کرد " لایەنە پەیوەندی دارەکان کە تەنها لەدورەوە سەیریان دەکەن و هیچ هەڵویست و چارەسەرێکیان بۆ ئەم کەرتە پێنییە.
جەخت لەوە دەکاتەوە کەرتی بەرهەم هێنانی پەلەوەر تەمەنی ناگاتە دوو ساڵی دیکە لەناو دەچێت کە ئەمەش دەبێت هۆی لە ناوچونی کەرتێکی گرنگی ئاسایشی خۆراک و دروستبونی بێکاری زیاتر.