دەم پارتی: هەوڵی تیرۆركردنی سری سورەیا ئوندەر دراوە

دەم پارتی لەبارەی هەوڵی "تیرۆرکردنی" سری سورەیا ئۆندەر ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پێش نەخۆشکەوتنی ئۆندەر ئاسنێكی تیژ لە تایەی ئۆتۆمبیلەكەی دانرا بوو". 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" لە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە و تیاییدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەوڵی تیرۆرکردنی ئەندامی شاندی ئیمرالی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، سری سورەیا ئۆندەر دراوە، بۆیە بە پێویستمان زانی ڕاگەیاندراویک بڵاوبکەینەوە". 

دەشڵێت" ڕۆژی ٢ی نیسان، شۆفێری ئۆتۆمبێلکەی سری سورەیا لە کاتی شۆفێریدا، گومانی لە دەنگی تایەی ئۆتۆمبێلەکە کردووە و بۆیە ئۆتۆمبیلەکەی بردووە بۆ پشکنین، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، لە پشت تایەی چەپی ئۆتۆمبێلەکەوە ئاسنێکی تیژ دۆزراوەتەوە، کە دەکرا تایەی ئۆتۆمبێلەکە بتەقێنێت". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئۆندەر ڕووداوەکەی بە دەستەی بەڕێوەبەری دەم پارتی ڕاگەیاندووە و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی پێویست ئەنجامدرا، دواتر ڕووداوەکە و بەڵگەی پەیوەندیدار بە لایەنە فەرمییەکان گەیەندراوە، هەم پارتەکامان و هەمیش ئۆندەر لە نزیکەوە بەدواداچوومان بۆ بابەتەکە کردووە، بەهۆی هەستیاری لێکۆڵینەوەکە ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی ڕانەگەیەندراوە، سەبارەت بە لێکۆڵینەوە و لیپرسینەوەکان هێشتا هیچ ئەنجامێکمان پێنەگەیشتووە". 

شەوی ١٥ی مانگی ڕابردوو سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمرالی و جێگری پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی)، دوای ئەوەی باری تەندروستی تێکچوو، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگال لە ناوچەی شیشلی ئەستەنبوڵ و لە ئەنجامدا نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ ئەنجامدرا.

دوای ١٨ رۆژ مانەوەی لە یەکەی چاودێریی چڕ، لە ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە گیانی لەدەستدا. 



PM:02:51:08/05/2025