هێزەکانی پاراستنی گەل ڕایدەگەیەنێت" سوپای تورکیا تەنها لە ماوەی چوار ڕۆژدا بەگشتی ٧٧٤ هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی پاراستنی مێدیا ئەنجامداوە کە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەری هێرشبەر و هەروەها چەکی قورس و تۆپخانەیان بەکارهێناوە".
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" لە ڕۆژانی ٦ و ٧ و ٨ی ئایاردا سوپای تورکیا دووجار گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەر گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ بۆردومانکرد و پێنج جاریش گۆڕەپانەکانی گیرە کۆن و کانی سەرک و گیرێ سیسیر، بە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەری هێرشبەری بۆردومانکرد، بە گشتی ئەم گۆڕەپانە حەوت جار بۆردومانکراون".
هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٧ی ئایاردا هەلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانی تورکیا دووجار گۆڕەپانی بەرخۆدانیان لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ بۆردومانکرد.
هەروەها هاتووە" لە ٥ و ٦ و ٧ی ئایاردا سوپای تورکیا ٢٣ جار بە چەکی قورس و تۆپخانە مەیدانەکانی بەرخۆدانی بری زین و شەهید شەریف و سانین لە ناوچەی زاکوڕک بۆردومان کرد، چوارگۆشەکانی بەرخۆدانی یەکماڵ، زیڤیک، مێچی، کەرکەش، گیرێ کۆن، دێریش، دەشتە کافیا و گیرێ سیسیر لە ناوچەی کارێ ١٢٤ جار، چوارگۆشەکانی بەرخۆدانی دێرکاڵ، شیلاز و بێشیل لە ناوچەی مەتینا ١٥٤ جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدیا و گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ ٤٦٤ جار، بە گشتی ئەم گۆڕەپانە ٧٦٥ جار بۆردومانکراون".
ئەوەشی خستەڕوو، لە ٦ی ئایار هێزەکانیان بە تەقەی قەناس بەدەست سەربازانی تورکیا کە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی پاز لە ناوچەی مەتینا لە پێگەیەکی هێرشبەریدا بوون کردە ئامانج.