هاکان فیدان: پەکەکە تەنها کێشەی ئێمە نییە، بەڵکوو کێشەی سوریا و عێراقیشە

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند"پەکەکە تەنها کێشەی تورکیا نییە، بەڵکو کێشەی سوریا و عێراقیشە، بۆیە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بوژانەوەی ئابووری و سیاسیی دیمەشق و بەغدادیش دەبێت".

هاکان فیدان، هەر لە چاوپێکەوتنە تەلەفیزیۆنییەکەیدا، تیشکی خستە سەر عێراق و سوریا و وتی" لە وڵاتانی دراوسێیاندا، بەهۆی کەموکووڕیی لە دیموکراسی، نەبوونی سەقامگیری،  پەکەکە دەتوانێت شوێن پێی خۆی بکاتەوە، بەڵام دۆخی لەنێو تورکیا زۆر جیاوازە و نەیتوانیوە یەک مەتر خاکی تورکیا داگیر بکات".

ئاماژەی بەوەش کرد" ئەو بابەتە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر عێراق و سوریاش دەبێت و وەبەرهێنانی زیاتر رو لەو ناوچانە دەکات، بەتایبەتی کە لە ئێستادا عێراق سەرقاڵی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانە، لە سووریاش سەردەمێکی نوێ دەستی پێکردوە و دۆخی ئەوانیش بەرەو باشتر دەچێت، بۆیە چیدیکە دۆخی پێکدادان و شەڕ نامێنێت".

سەبارەت بە هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان، هاکان فیدان رایگەیاند"پێداگرن لەوەی، کە نابێت رێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار لە سوریای نوێ هەبێت و رەنگدانەوەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەش لەسەر گروپ و ڕێکخراوەکانی تر لە عێراق و سووریا لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبینن".

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد، پەکەکە لە عێراق، جگە لە قەندیل، لە شنگالیش خاکی داگیرکردوە، بەهەمان شێوە لە سوریا خاکی زۆری داگیر کردوە، بۆیە سەرەتا پەکەکە کێشەی تورکیا بو، بەڵام ئێستا کێشەی عێراق و سوریاشە.

هاکان فیدان جەختی لەوەش کردەوە، ئێستا عێراقیش گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی، پەکەکە بۆ ئەوانیش کێشەیە، بۆیە دەبێ چارەسەری بکەن..




PM:01:56:10/05/2025