لە ڕووداوێکی هاتوچۆ لە کرماشان هەشت کەس گیانیان لەدەستدا

ڕووداوێکی هاتوچۆ لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان نۆ قوربانی لێکەوتەوە، پۆلیسی هاتوچۆی ئێرانیش دەڵێت ساڵی رابردو زیاتر لە ٢٨ هەزار کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەستداوە.

میدیاکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بڵاویانکردەوە ئەمڕۆ شەممە ١٠ی ئایار  ڕوداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگەی نێوان کرماشان- ئیلام روویداوە.

سەبارەت بە وردەکارییەکانی روداوەکەش ئەفشین یگانە، سەرپەرشتیاری مانگی سوری کرماشان رایگەیاند، روداوەکە بە هۆی پێکدادانی  دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری سەمەند و پراید  رویداوە و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان پۆلیسی هاتوچۆی ئێران، ساڵی رابردو زیاتر لە ٢٨هەزار کەس بەهۆی روداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران گیانیان لەدەستداوە.

لای خۆشیەوە محەممەد ئیسماعیل قیداری، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی بەهەشتی لە تاران رایگەیاند، لە دوای نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، روداوەکانی هاتوچۆ سێیەمین هۆکاری گیانلەدەستدانە لە ئێران.




PM:05:56:10/05/2025