هەپەگە: گەریلا درۆنێكی خستە خوارەوە

هێزەکانی پاراستنی گەل ڕایدەگەیەنێت" لە وەڵامی هێرشەکانی سوپای تورکیا گەریلا درۆنێكی سوپای توركیای لە زاپ خستۆتە خوارەوە". 

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" لە ٧ و ٨ و ٩ و ١٠ی مانگ، سوپای توركیا ٥٤٥ جار بۆردومانی ناوچەكانی ژێر دەستی گەریلای كردوە". 

هەپەگە دەشڵێت" یەكێك لە هێرشەكان، ئەمڕۆ شەممە ١٠ی ئایار ئەنجامدراوە و تێیدا سوپای توركیا بۆردومانی سنوری گوندەكانی بەری چیای گارەی كردوە". (لە کاتێکدا دوێنێ پەکەکە ڕایگەیاند، كۆنگرەی خۆیان بەسەركەوتویی ئەنجامداوە و لەسەر بنەمای بانگەوازەكەی ئۆجەلان لە كۆنگرەكەدا لەبارەی كارکردنی پەكەكە بڕیاری گرنگیان داون و لەماوەیەكی زۆر نزیكدا ئەنجامەكانی بۆ رایگشتی رادەگەیەنن)

هەپەگە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە" هێزەكانیان لە وەڵامی ئەو هێرشیانەدا رۆژی ٧ی ئەم مانگە لە رۆژئاوای زاپ بە درۆن گورزیان لە چەند هێزێكی سوپای توركیا وەشاندوە لە كاتی هێرشكردندا، هەروەها رۆژی 8ی ئەم مانگە بە درۆن گورزیان لە چەند ئامانجێك وەشاندوە زیان بەر زرێپۆشێك كەوتوە". 

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە هەمان رۆژ و هەمان ناوچە، گەریلا درۆنێكی سوپای توركیایان خستۆتەخوارەوە و هەروەها رۆژی ٩ی مانگیش گورزیان لە چەند ئامانجێكی سوپای توركیا وەشاندوە كە سەرقاڵی هێرشكردن بون.



PM:07:10:10/05/2025