لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەشت ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا

ئەمڕۆ شەممە لە شارۆچکەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەشت ئەندامی خێزانێک لە بیرێکی کشتوکاڵیدا گیانیان لەدەستدا. 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، لە شارۆچکەی کونانی سەر بە شاری کۆیەشتی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەشت کەس کە بۆ رزگارکردنی یەکتری چوونەتە ناو بیرێکی کشتوکاڵییەوە، گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەشدەکەن، لە نێو بیرەکە بەهۆی هەبوونی جۆرە گازێک و کەمی ئۆکسجین ئەو کەسانە تووشی تەنگە نەفەسی بوون و گیانیان لەدەستداوە.

لەبارەی وردەکاری زیاتری ڕووداوەکە میدیاکانی ئێران باس لەوەدەکەن، سەرەتا منداڵێک کەوتوەتە ناو بیرە کشتوکاڵییەکەوە و باوکی بۆ رزگارکردنی چوەتە ناو چاڵەکەوە، دوای ئەو برای منداڵەکەش بۆ رزگارکردنی ئەو دوو کەسەیتر چووەتە ناوچاڵەکەوە، پاشان ئەندامانی دیکە خێزانەکە بۆ رزگارکردنی ئەوانی دیکە یەک لە دوای یەک چونەتە ناو چاڵەکە و گیانیان لە دەستداوە.



PM:09:08:10/05/2025