ئەندامێکی شاندی ئیمڕاڵی سەبارەت بە ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە ڕایدەگەیەنێت" پێویستە هەمووان ڕووبکەنە ئاشتی، بەبێ گوێدان بەوەی کێ چی کردووە و کێ چی بەخشیووە، دەبێت هەمووان لە دڵی خۆیاندا هەست بە ئاشتی بکەن".
پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی، ئەمڕۆ شەممە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند" لەگەڵ ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکە، شایەتحاڵی ڕۆژێکی مێژویین، چونکە لە جوگرافییایەکدا کە ساڵانێکە ئازار دەچێژێت، قوربانی دراوە و دایکان فرمێسکیان ڕشتووە، ئێستە پرۆسەیەکی ئاشتی و ئارامی دەستپێدەکات".
ئەندامەکەی شاندی ئیمڕاڵی دەشڵێت" خودی ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکە گرنگ و مێژووییە، هاوکات خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکە، چونکە لە هەموو دیدارەکانی ئیمراڵییدا، ئۆجالان هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ئیتر ئەم سەردەمە بگۆڕێت بۆ سەردەمێکی تر، سەردەمی دیموکراتیکبوون دەستپێبکات، شەڕ و پێکدادان کۆتاییان پێ بێت".
ڕاشیگەیاند" بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراتیکبوون بۆ هەموومان گرنگە، بۆیە دەبێت هەمووان ڕووبکەنە ئاشتی، بەبێ گوێدان بەوەی کێ چی کردووە و کێ چی بەخشیووە، دەبێت هەمووان لە دڵی خۆیاندا هەست بە ئاشتی بکەن، باوەڕمان بەم سەردەم و پرۆسەیە هەیە".
دوێنێ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئەنجامدانی ١٢هەمین کۆنگرەی حزبەکەی ڕاگەیاند کە لە نێوان ٥-٧ی ئایاردا سازیکردووە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا، وردەکارییەکانی کۆنگرەکە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکاتەوە.