"ئەگەر کێشەی مووچە چارە نەکرێت، شاندێکی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات"

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر سبەینێ کێشەی مووچە چارە نەکرێت، شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات". 

ڕێباز حەملان بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمشەو شەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند" کێشەی نەناردنی مووچە سیاسییە، نزیکەی ٢٠ ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا کراوە، پەسەندیش کراوە". 

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، دەشڵێت" وەزارەتی دارایی فیدراڵ، هیچ تێبینییەکی لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نییە، تەنیا ڕایگەیاندووە کە فەرمانیان پێنەکراوە تەمویلی مووچە بۆ هەرێمەکە بکەن". 

ڕێباز حەملان ڕوونیشیکردەوە، میکانیزمەکە بەو شێوەیە سەرەتا دەبێت سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمان بە وەزیری دارایی وڵاتەکە بکات مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو کارە نەکراوە.

وتیشی" ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی وەزیری دارایی عێراقدا نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەدایە، ئەگەر سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ فەرمان بکات بە ناردنی مووچە، وەزیری دارایی بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ڕەتیبکاتەوە". 

حەملان ئاشکراشیکرد، ئەگەر سبەینێ بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نەدرێت، ئەوا شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمەکە سەردانی بەغدا دەکات.



PM:10:48:10/05/2025