بارانبارین و هەورە بروسكە دەستپێدەکاتەوە

دەستەی كەشناسی عێراق پێشبینییەكانی كەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و پێشبینی دابەزینی پلەكانی گەرما و بارانبارین و هەورە بروسكە دەکات. 

لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی کەشناسی عێراق لەبارەی کەشوهەوای رۆژی یەكشەممە ئاماژەی بەوەکردووە، ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت و هەندێكجاریش هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بای باكووری ڕۆژئاوا، خێراییەكەی سووك بۆ مامناوەند دەبێت (١٠ - ٢٠) كیلۆمەتر لە هەر كاتژمێرێكدا، هاوكات پلەكانی گەرما كەمێك بەرزدەبنەوە لە ناوچەی ناوەڕاست و لە ناوچەكانی باشوور و باكور نزیكدەبێتەوە لە ڕۆژی پێشوو.

ئەوەشی خستەڕوو، كەشوهەوای ڕۆژی دووشەممە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكور نیمچە هەور دەبێت و هەندێكجاریش هەور دەبێت، هەروەها لە ناوچەی باشووریش ساماڵ دەبێت لەگەڵ ئەگەری باران و هەورەبروسكە لە ناوچەی باكور، با بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات دەبێت، خێراییەكەی سووك بۆ مامناوەند دەبێت (١٠ - ٢٠) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، هەروەها پلەكانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت لە هەموو ناوچەكانی وڵات.

کەشناسی عێراق باسی لەوەشکردووە، رۆژی سێشەممە كەشوهەوا لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكور نیمچە هەور دەبێت و هەندێكجاریش هەور دەبێت و لە ناوچەكانی باشووریش ساماڵ دەبێت، هاوكات بای باشووری ڕۆژهەڵات دەبێت، خێراییەكەی مامناوەند دەبێت (٢٠ - ٣٠) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، لە هەندێك كاتدا چالاک دەبێت بۆ (٣٠ - ٤٠) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە ناوچە پەرشوبڵاوەكانی وڵات، هاوكات پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو چەند پلەیەك لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور و كەمێك لە ناوچەی باكوور دادەبەزن.



AM:12:02:11/05/2025