میكانیزمی سكاڵاو دادگایی كردنی رۆژنامەنووسان دیاریكرا

سەندیکای رۆژنامەنووسان لقی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا رۆژی یەکشەممە ١١ی ئایاری ٢٠٢٥ بڵاویکردەوە کە " میكانیزمی سكاڵاو دادگایی كردنی رۆژنامەنووسان دیاریكرا ".

هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە" تەوەرێكی تری دیدارەكەش كێشەی ئەو سایت و پەیج و ئەكاونتانە بوو كە خۆیان نەناساندوە لای سەندیكاو لەبەردەم یاسادا".

دەقی راگەیەنراوەکە: 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١١/٥/٢٠٢٥ سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، سەردانی دادگای سلێمانی كردو لە دیدارێكدا لەگەڵ ئەم دادوەرە بەڕێزانە كۆبوەوە: بەرَێز حاكم عمر أحمد محمد سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بەڕێز حاكم سامان جەمال دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/١ بەڕێز حاكم هاوڕێ لەتیف تەها دادوەری دادگای كەتنی سلێمانی/٦ 

ئەم كۆبوونەوە بەمەبەستی شێوازی جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە ٢٧٢٢ لە رۆژی ١٣/٣/٢٠٢٥ بوو كە دوو دادگا لەشاری سلێمانی تایبەتمەند كران بۆ سكاڵاو كەیسەكانی رۆژنامەنووسان لەچوارچێوەی پیادەكردنی یاسای ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ئەم كەیسانە
.

 بە خۆشحاڵیەوە بەڕێزان سەرۆكی دادگای سلێمانی و هەردوو دادوەری بەڕێز لەدادگاكانی لێكۆڵینەوەی ١ و كەتنی ٦ تێگەیشتنی تەواو و بۆچوونیان هەمان بۆچوونی میدیاكاران و سەندیكای رۆژنامەنووسان بوو سەبارەت بەو كەیسانەی میدیایین و جیاكردنەوەیان لەو بابەتانەی بەناوی میدیاوە دەكرێن.

جەخت كرایەوە كە لە رۆژی دەرچونی بڕیاڕی ناوبراوەوە، لەدادگاكانی سلێمانی كار بەم بڕیارە دەكرێت، هاوكات باس لە ناساندنی رۆژنامەنووس لەبەردەم دادگادا كرا ئایا كێ رۆژنامەنووسە؟؟ باسیش لە میكانیزمی بانگهێشتكردنی میدیاكاران كرا بۆ بەردەم دادگا بەپێی برَگەو ماددەكانی یاسای رۆژنامەوانی، تەوەرێكی تری دیدارەكەش كێشەی ئەو سایت و پەیج و ئەكاونتانە بوو كە خۆیان نەناساندوە لای سەندیكاو لەبەردەم یاسادا.

سكرتێری لقی سلێمانی سەرباری بوونی نوێنەرانی یاسایی باسی لەدامەزراندنی بۆردێكی پارێزەران كرد بۆ بەرگریكردن لەمیدیاكارانی سنوری ناوچەكە، بەخۆشحاڵیەوە دادگا لاری نەبوونی خۆی پیشاندا بۆ ئەم داواكارییەو بڕیاریدا كاری بۆردەكە بخرێتە خانەی داواكاری ئینتیدابەوە، ئەمەش كارئاسانی و رێگەخۆشكەرە بۆ بۆردی پارێزەران.




PM:12:26:11/05/2025