میدیاکانی نزیک لە ئاکپارتی: پەکەکە لەم یەک دو ڕۆژەدا هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕادەگەیێنێت

میدیاکانی نزیک لە ئاکپارتی بڵاویان کردەوە پەکەکە لەم یەک دو ڕۆژەدا هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕادەگەیێنێت و دەشڵێن، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی قۆناغەکانی دواتری پڕۆسەی ئاشتی دەکات. 

بەگوێرەی ڕۆژنامەی حوڕیەتی نزیک لە پارتی دادوگەشەپێدانی لەبارەی کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، پەکەکە بە گفتوگۆکردن و ڕێککەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە لە ئەوروپا و سوریا، دەقی راگەیاندنی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی ئامادەکردوە و لە یەک - دوو رۆژی داهاتودا ئەنجامەکانی کۆنگرەکەی رایدەگەیەنێت. 

هاوکات ڕۆژنامەی تورکیای نزیک لە ئاکپارتیش نوسیویەتی، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە و بڕیارەکەش گەیشتووەتە ئەنقەرە و وتیشی، هەنگاوەکانی دواتری پڕۆسەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکەوە سەرپەرەشتی دەکرێت. 

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردوە، لە ناوخۆی پەکەکەدا بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان، دەستکراوە بە پرۆسەی لیستکردن و ناو نوسینی ئەو ئەندامانەی کە لە لیستی دەزگای هەواڵگریی تورکیادا نین و بەشێک لەو کەسانە دەچنە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت ئەوروپا.




PM:01:51:11/05/2025