ژماره‌یه‌ك داواكراو له‌ سنووری كه‌ركوك ده‌ستگیردەکرێن

بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان لە سنووری پارێزگای كەركوك ئەنجامدا و بەوهۆیەوە ژمارەیەک داواکراویان دەستگیرکرد. 

لە راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆردا هاتووە" پاڵپشت به‌ به‌دواداچون و زانیاری هه‌واڵگری ورد، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی دژه‌تیرۆر به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌زگای دژه‌تیرۆری عێراق ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شیان له‌ سنوری پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجامدا". 

هەروەها هاتووە" لە ئۆپەراسیۆنەكەدا توانرا ژمارەیەك تیرۆریست و تۆمەتبار دەستگیربكرێن كە پێشینەیان لەناو رێكخراوی تیرۆریستیدا هەبووە و لە ئێستاشدا بەشێك بوون لە شانە ناچالاكەكانی رێكخراوەكە و كاری گواستنەوەی كەرەستە و پێداویستی لۆجستییان كردووە بۆ پاشماوە چەكدارەكانی رێكخراوەکە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لە ئۆپەراسیۆنەكەدا توانرا دەست بەسەر ژمارەیەك پارچە چەك و تەقەمەنی بگیرێت، هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەك مۆبایل و سیم كارتدا گیرا كە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەك "تیرۆریستی" دیكە بەكارهاتبوو و دوای دەستگیركردن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان، دەستبەجێ رادەستی یاسا كران بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێكاری پێویست و یاسایی بۆ سزادانیان.



PM:08:40:11/05/2025