هاوسەرۆکی دەم پارتی: چارەسەری پرسەکە هەر لەناوخۆی تورکیایە

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) ڕایگەیاند" ئۆجەلان لە دوا خاڵەوە دەستیپێکرد و وتی، "ئەگەر چەک کێشەکەیە ئەوە لایدەدەین". باکرهان جەختلەوەشدەکاتەوە چارەسەری پرسەکە هەر لەناوخۆی تورکیایە".

تونجەر باکرهان، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی خەبەرتورک، وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی ئەو پرۆسەیە دایەوە، کە ئێستا لە ئارادایە و وەک دوا قۆناغیشی پەکەکە کۆنگرەی کردووە و وتی" وەک هاووڵاتییانی تورکیا بەدوای چارەسەرەوەن لە ئەنقەرە نەک لە دەرەوەی تورکیا".

وتیشی" کوردی ڕۆژئاوا بەدوای چارەسەری کێشەکەیانەوەن لە دیمەشق، کوردی هەولێر لە بەغداد بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن".

ئەوەشی خستەڕوو" بەردەوام وتوومانە چارەسەرێکمان دەوێت لە تورکیا و ئەگەر پرسەکە چارەسەر بکەن، تورکیا دەبێتە نموونە".

هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەوەکردەوە، هەرگیز کورد نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا، بەرامبەر ئەوانەش کە ڕەخنەی ئەوە دەگرن کورد و دەم پارتی خەڵەتێندراون لەبارەی پرۆسەکە، وتی" ئێمە پێنج هەڵبژاردنە لە بەرەی دژی دەسەڵاتدابووین. ماوەی 22 ساڵە لەگەڵ دەسەڵات دەنگمان بە یەک ئاڕاستەدا نەڕۆیشتووە".

جەختی لەوەشکردەوە ئەوان سەودا و مامەڵە لەگەڵ هیچ کەسێکدا ناکەن، چونکە دیموکراسی بۆ ئەوە نییە سەودای لەسەر بکرێت.

تونجەر باکرهان لەبارەی بانگەوازەکەی ٢٧ی شوباتی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ چەکدانانی پارتەکەی، ڕایگەیاند" ئۆجەلان لە کۆتا خاڵەوە دەستیپێکرد و وەک یەکەم کار چەکی لادا. لە کاتێکدا ئەمەش دەبێت ببێتە جێگەی هیوا و ئومێد".

تونجەر باکرهان لەبارەی کاریگەریی بانگەوازەکەی ئۆجەلان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەشڵێت" ڕێککەوتنی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلاندا یەکی دەگرتەوە".

وتیشی" نابێت ئەم کێشەیە ببەستینەوە بە بوونی چەکەوە لە تورکیا، یان بڵێین چەک نەماوە لە تورکیا، رەنگە ئەمڕۆ نەبێت و سبەی یەکێکی دیکە دەستی بداتێ، دەبێت عەقڵییەتەکە بگۆڕێت".

هەر ئەمڕۆ  پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە شێوەیەکی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند و کۆتایی بە خەباتی چەکداری هێنا.




AM:10:25:12/05/2025