ئاکپارتی: بڕیاری پەکەکە قۆناخێکی گرنگە بۆ ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر

وتەبێژی ئاکپارتی هەڵوێستی سەبارەت بە خۆ‌هەڵوەشاندنەوە و چەک دانانی پەکەکە  پەیامێکی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت" بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی و وازهێنان لە چەک، قۆناخێکی گرنگە بۆ ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر".

ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی ئایاری ٢٠٢٥ عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی دوای راگەیەنراوەکەی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی رایگەیاند"  دوای ئەو بانگەوازەی لە ئیمراڵییەوە کرا، بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی و وازهێنان لە چەک، قۆناخێکی گرنگە بۆ ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر."
 
عومەر چەلیک هەروەها دەڵێت،"بەکۆتاییهاتنی  تیرۆر، دەرگای سەردەمێکی نوێ واڵا دەبێت."
 
چەلیک وتیشی "پێویستە ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ بکرێت و بە هەموو لایەنەکانییەوە بێتە دی. بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکان دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان، بە جۆرێک کە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی و هەموو لق و پاشکۆکانی پەکەکە و پێکهاتە نایاساییەکانی دابخات".

وتەبێژی ئاکپارتی راشیگەیاند "ئەم پرۆسەیە لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە لە گۆڕەپاندا بە وردی چاودێری دەکرێت. ئەو قۆناخانەی پێی گەیشتووە بە بەڕێز سەرۆککۆمار دەگەیێندرێت. پێویستە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و وازهێنان لە چەک بەهەموو لایەنەکانییەوە و بە شێوەیەکی کۆنکرێتی لە ناوەوە و دەرەوە جێبەجێ بکرێت. بەم شێوەیە، هەنگاوێکی ئەرێنی دێتە پێشەوە بۆ رێگرتن لە پلانە ئیمپریالیستییەکان کە رێکخراوە تیرۆریستییەکان بۆ شەڕی بەوەکالەت لە ناوچە نزیکەکانماندا بەکاردەهێنرێن".

لای خۆشییەوە سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە وتی "کورد وەکو بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی تورک، دامەزرێنەر و خاوەنی ھەمیشەیی کۆماری تورکیایە و دەوڵەتی کۆماری تورکیا دەوڵەتی نەتەوەیی کوردیشە."
  
ئاشکراشی دەکات کە" لە بوارەکانی دیموکراسی و یاسادا چاکسازیی فراوان دەکرێت و بەم شێوەیە کۆماری تورکیا پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێوە".





PM:12:13:12/05/2025