تەندروستی هەرێم: تای خوێنبەربوون لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم هاوڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە سەبارەت بە دۆخی تەندروستی پەیوەست بە تای خوێنبەربوون و جەختیشی لەوە کردەوە کە دۆخەکە "باشە و لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە".

سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند" لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنها دوو حاڵەت تۆمارکراوە کە یەکێکیان مردنی لێکەوتووەتەوە، هاوکات توشبووی دووەم لە شاری کۆیە چارەسەر وەردەگرێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی تەندروستی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ و کشتوکاڵ، هەروەها هەوڵەکانی چاودێریکردن و ڕشاندنی خۆپارێزی لە ماوەی ڕابردوودا چڕکراونەتەوە.

سورچی هەروەها دووپاتیکردەوە کە" حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی چاودێری بارودۆخی ئەو ئاژەڵانە دەکات کە دێنە ناوچەکە، دەیانخاتە ژێر ماوەی کەرەنتین و پشکنینی ورد، جگە لە بەکارهێنانی قڕکەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوونیان".

وتەبێژی وەزارەتەکە داوای لە هاوڵاتیان کرد" خۆیان بەدوور بگرن لە سەربڕینی ئاژەڵ لە شوێنە بێ مۆڵەتەکاندا، ئەمەش بەهۆی مەترسییە تەندروستییەکانی ئەگەری هەیە".



PM:04:00:12/05/2025