پەروین بوڵدان داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکات چاکسازی لە یاساکاندا بکات

پەروین بوڵدان داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکات بەرپرسیارێتی خۆی بگرێتە ئەستۆ و هەموارکردنی یاسایی پێویست تێپەڕێنێت.

پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمرالی، سەبارەت بە بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا قسەی کرد و وتی" ئەمە پێشهاتێکی مێژووییە، کۆتاییهاتنی شەڕ و ململانێکان لە تورکیا و سەرەتای سەردەمی دیموکراسییە، ئەمە قۆناغی دیموکراتیزەکردنی تورکیایە، ئێستا دەبێت خەباتی چەندین ساڵەی گەلی کورد بە ئاشتییەکی دەستبەجێ تاجی سەری دابنرێت". 

پەروین بوڵدان ڕوونیشیکردەوە کە دەبێت هەمووان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و دەڵێت" لایەنەکان بڕیاری خۆیان داوە، پەکەکەش بڕیاری خۆی داوە و چووەتە قۆناغێکی نوێ، لەم قۆناغەدا بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی هەموو کەسێک، دەبێت ئێمە جێبەجێی بکەین، بێگومان دەبێت ئۆجالان لەم قۆناغەدا ڕۆڵی خۆی ببینێت، چونکە ڕۆڵی ئۆجالان لە داڕشتنی دیموکراسیدا زۆر گرنگە، بۆیە دەبێت کۆبوونەوەکان بەردەوام بن، بارودۆخی ئۆجالان باشتر بکرێت، ڕێگە بە سەردانەکانی ئیمرالی بدرێت و دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجالان سەبارەت بە ئاشتی ئەنجام بدرێت". 

هەروەها پەروین بوڵدان داوای لە پەرلەمان کرد بەشداری خۆی بکات و جەختی کردەوە کە" بێگومان پەرلەمان دەبێت هەنگاو بنێت، پەرلەمان بەرپرسیارێتی هەیە لەو ڕووەوە، وەک دەرکردن و هەموارکردنەوەی هەندێک یاسا، من لە چوارچێوەی دیموکراسیکردندا باسی ئەوە دەکەم، چونکە نادادپەروەرییەکی گەورە لە تورکیا هەیە، پێشێلکاری گەورە ڕوویداوە، و ئەو پێشێلکارییانە کاریگەرییان لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هەبووە، بێگومان من بێ هیوا نیم، بەڵام کات پێویستە". 

لە بەیاننامەیەکی کۆتاییدا دوای کۆنگرەی دوازدەهەمی پەکەکە کۆتایی بە خەباتی چەکداری ڕاگەیاند و هەموو ئەو چالاکییانەی بە ناوی خۆیەوە ئەنجام دەدرا ڕاگرت و پابەندبوونی خۆی بە ڕوانگەیەکی سیاسی نوێ دووپاتکردەوە. 



PM:04:13:12/05/2025