"کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، پێدانی بەهای زیاترە بە پڕۆسەی ئاشتی"

سەرۆكی بەرەی گەل ڕایدەگەیەنێت" بڕیاردان لە خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی، پێدانی بەهای زیاترە بە پرۆسەی ئاشتی". 

لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە" کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان و بڕیاردان لە خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی، پێدانی بەهای زیاترە بە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی لە تورکیا و هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ و ئاڵۆزی". 

ڕاشیگەیاندووە" لەکاتێکدا پێشوازی لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـیەمینی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەم، پێشتر و ئێستاش هانی هەڤاڵانی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیامان داوە لەبری شەڕ و خوێنڕشتن بگەڕێنەوە بۆ مێزی دانوستان و بە ئاشتی ئەو ململانێ مێژووییەی لەنێوان هەردوولا دروست بووە چارەسەر بکەن". 

دەشڵێت" پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان لە 27ـی شوبات و کۆنگرەکەی ئێستای پەکەکە بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە، نیاز پاکییەکی گەورەی کورد بۆ گەلانی تورکیا و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە نیشان دەدات، دەریدەخات کورد گەلێکی ئاشتیخوازە و لە ئەگەری هەبوونی کەمترین ئاسۆ بۆ ئاشتی و چارەسەر، هەرگیز بیر لە چەک و شەڕکردن ناکاتەوە". 

لاهور جەنگی وتیشی" لەم پرۆسەیەدا و دوای کۆنگرەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەوەی ماوەتەوە دەوڵەتی تورکیایە، دەسەڵاتدارانی ئانکەرە بەرپرسیارێتیی گەورە و مێژووییان دەکەوێتە سەرشان، پێویستە لێرە بەدواوە بڕیاری خێرا و بوێرانە بدەن بە ئاراستەی چارەسەری یەکجاری کێشەی کورد و ڕێگە نەدەن پڕۆسەکە لە هیچ شوێنێکدا تەگەرەی بۆ دروست بێت، تاوەکو دەگاتە دوامەنزڵ و ئیتر بۆ هەمیشە کورد و تورک پێکەوە بە ئاشتی بژین". 



PM:04:37:12/05/2025