مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت" جەخت لەسەر گرنگی پێكهێنانی هاوپەیمانی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق و سەركەوتنی ئەو هاوپەیمانیەتیە دەکەینەوە".
مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرۆكایەتی سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لە شاری هەولێر كۆبوەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوە، تیشك خرایە سەر بارودۆخی هەرێم و عێراق و ناوچەكە و گۆڕانكاری و پێشهاتەكان، هەروەها گوێگیرا لە ڕاپۆرتی لیژنەی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق.
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای گفتوگۆكردن بریاردرا كە لیژنەكە بەردەوامبێت لە هەوڵ و كۆبونەوەكانی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەتەكە و دروستكردنی لیستێكی فراوان بۆ هەڵبژاردنەكە، كۆبونەوە جەختیكردەوە لەسەر گرنگی سەركەوتنی ئەو هاوپەیمانیەتیە لەپێناو هێنانەدی گۆڕانكاری ئیجابی لە هەرێمی كوردستان.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، مەكتەبی سیاسی پێشوازیكرد لە ڕاگەیەنداراوی كۆتایی كۆنگرەی ١٢ی پەكەكە و وازهێنانی لە خەباتی چەكداری و بەشداریكردنی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە توركیا لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی، بە هەمان شێوە مەكتەبی سیاسی جەختی كردەوە لە ئامادەیی یەكگرتوو بۆ درێژەدان بە ڕۆڵی ئاشتیخوازی لەو بوارەدا.
هەروەها یەكگرتووی ئیسلامی جەختی لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و كاراكردنی پەرلەمانی كوردستان كردەوە و دەڵێت" بەداخەوە دوای تێپەڕبونی شەش مانگ بەسەر ئەو هەڵبژاردنە تا ئێستا بەكارنەبوە و و پەكخراوە".
هاوکات نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەردەوامبونی دیاردەی دواكەوتنی مووچە و داوادەكات هەرچی زوترە مووچە دابەش بكرێن.