لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوشانەوەی پەکەکە کە ئەمڕۆ لە میدیاکان بڵاوکرایەوە هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش سوپاسی سەرکردایەتی پەکەکە دەکات کە ئەو بڕیارەیان داوە.
رۆژی ١٢ ئایار پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشی لە گرتووخانەی ئەدیرنە کرد و لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەکەی پەکەکە گفتوگۆیان کرد.
وەک لە راگەیاندنەکانی باکوری کوردستاندا هاتووە، دەمیرتاش رایگەیاندووە ''بەبۆنەی ئەنجامەکانی کۆنگرەی پەکەکەوە، سوپاسی سەرکردایەتیی پەکەکە دەکەم کە ئەم بڕیارەی داوە. سوپاسی هەموو سەرۆکی پارتەکان دەکەم، بەڕێز سەرۆک کۆمار، بەڕێز باخچەلی، بەڕێز ئۆزەل، لەسەرووی هەمووشیانەوە بەڕێز ئۆجەلان کە رۆڵیان هەبووە. بە تایبەتیش سوپاسی بەڕێز ئەحمەد تورک و بەڕێز پەروین بوڵدان دەکەم''.
لە درێژەی قسەکانیدا دەمیرتاش وتوویەتی، ''ئیدی کاتی ئەوەیە لە هەموو روویێکەوە بە یەک هەڵوێستی و دڵسۆزانە کار بۆ گەورەبوونی تورکیا بکەین. ئیدی کاتی ئەوەیە کار بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیری، ئازادی، خۆشگوزەرانی و دیموکراسی بکەین''.
لە دیدارەکەد رۆڵی سری سورەییا ئۆندەری لە پرۆسەی چارەسەریدا بەرز نرخێندراوە و وتوویەتی ''بە پەرۆشەوە پێشوازی لەم هەنگاوە مێژووییە دەکەین کە وەک هەنگاوێکی گەورە لە چوارچێوەی یادی بەڕێز سری نراوە''.
پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە ساڵی ١٩٧٨ لە باکووری کوردستان دامەزراوە، ساڵی ١٩٨٢ لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەک هەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، چەندجارێک چۆتە گفتوگۆوە لەگەڵ حکومەتی تورکیا، بەڵام هیچیان ئەنجامی نەبووە، لە مانگی شوباتی ٢٠٢٥ دا عەبدوڵا ئۆچ ئالان سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە پەیامی ئاشتی و چەکدادانی پەکەکەو خۆهەڵوەشانەوەی دەرکرد، رۆژی ٥تا ٧ ی ئایار پەکەکە کۆنگرەی ١٢ بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشانەوەی دا.