کارگەی جلوبەرگی ئامادەکراوی سلێمانی کە ناسراوە بە ( ئەلبیسەکە) دەکەوێتە باشوری شاری سلێمانییەوە دەکرێت بە یەکەی نیشتەجێبوون ئەوە لە کاتێکدایە کە لە سلێمانی بە دەیان هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی گران و زیادە لە سلێمانیدا هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " کارگەی جلوبەرگی سلێمانی (ئەلبیسەکە)کە رووبەرەکەی ٣٢ دۆنمە لەم ماوەیەی دوایدا دەسەڵاتدرانی سلێمانی کۆمپانیایەکیان سەرپشک کردووە تا بیکەن بە یەکەی نیشتەجێبوون.
" سپی " زانیوویەتی لە کۆتایی مانگی رابردوودا کۆمپانیایەکی ناوبراو چووە لە رێگای درۆنەوە رووبەری کارگەکەو زەویەکانی رووپێو کردووەو ٣٢ دۆنم دەرچووە. ئەو کارگەیە تا ئێستا ئامێرەکانی کارگەکەی تێدایە لەوانە( تەسمیم، کەتەر، درمان، ئوتو، چەندین بەشی تر)، هەروەها چەند ماڵێکی کەمی کۆنە ئاوارەو کەم دەرامەتیشی تێدایە کە کۆمپانیایەکە دەیانەوێت رازیان بکەن تا چۆڵی بکەن.
موڵکی ئەم کارگەیە دەگەرێتەوە بۆ وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی عێراق، لە ساڵانی پێش ٢٠٠٨ نزیکەی ١٦٠٠ کارمەند کاریان تێدا کردووە. لەساڵی ٢٠٠٨ کارگەکەیان داخستوەو سەرجەم فەرمانبەرانی كارگەکەیان گواستوەتەوە بۆ " فەرمانگەکانی تری حکومەت"، بەڵام بەرێوەبەری کارگەکە کەناوی خالد کەریمە، رۆژانە ناوبەناو سەردانی کارگەکەی کردووە.
لەساڵی ٢٠٠٨ دا وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی عەقدێک لەگەڵ کۆمپانیای 'شێنێ' دەکات بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ بە مەبەستی خستنەوەگەڕی کارگەکە بەشێوەیەکی کوالێتی نوێتر، بەڵام کۆمپانیای ناوبراو هیچ کارێکی بۆ خستنەوەگەڕی کارگەکە ئەنجام نادات، دواتر گەنجینەکانی ئەو کارگەیە لەلایەن کۆمپانیای ناسراوی یەکێتی ( نۆکان )ەوە بە کار هێنراوە بۆ خەزنکردنی جگەرەو، گواستنەوەی.
لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی سلێمانی داویانە بەو کۆمپانیایە تا بیکاتە بە یەکەی نیشتەجێبوون، ئەوە لە کاتێکدایە کە فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک وماڵی دەوڵەت له هەرێمی كوردستان ـ عێراق بەپێی یاسا رێکخراوەو بەکرێدان و فرۆشتنی موڵک مەرج و پابەندی خۆی تێدایە، لە پێش هەمووشیانەوە شەفافەیەت و بڵاوکردنەوەی لە میدیاکاندا بۆ بەکرێدان و فرۆشتن.
بەپێی یاسای ژماره ١ی ساڵی ٢٠٢١ ی پەرلەمانی کوردستان کە ناوی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک وماڵی دەوڵەت له هەرێمی كوردستان ـ عێراق جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە" فرۆشتن یان بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت، لە رێگای زیاکردنی ئاشکراوە دەبێت، لەلایەن دەسەڵاتی تایبەتمەندەوە" کە ئەم کارەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی پێچەوانەی ئەو مەرجەیە.
تا ئێستا ئەو لایەنە دیارنییە کە ئەم موڵکەی داوە بە کۆمپانیایەک تا بیکات بە یەکەی نیشتەجێبوون، هەروەک پێشتر چۆن دراوە بە کۆمپانیای شێنێ و دواتریش نۆکانی یەکێتی بە کاری هێناوە وەک گەنجیەنەی بازرگانی جگەرە.