کەنەکە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی بکەن

کەنەکە ڕایدەگەیەنێت" داوا لە هەمووان دەکەین کە بەشێوەیەکی ئەرێنی بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن و پشتیوانی لێ بکەن". 

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە)، لەبارەی دەرنجامەکانی کۆنگرەی ١٢ەمینی پەکەکە، ئەمڕۆ سێشەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" پێویستە هەموو لایەن و هێزەکان پێشوازی لە بریارەکەی پەکەکە بکەن". 

دەشڵێت" بانگەواز لە هەموو هێز و لایەنە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان دەکەین هەنگاوبنێنن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیە: 

وەک دەزانرێت لە دوورگەی ئیمرالی دانووستان لە نێوان بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە چارەسەریی پرسی کورد بەڕێوەدەچێت، لە ئەنجامی کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکاندا بەڕێز ئۆجەلان لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ـدا بانگەوازییەکی بە ناوی "بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک” بڵاوکردەوە، لە وەڵامی ئەم بانگەوازەدا پارتی کرێکارانی کوردستان لە نێوان ٥-٧ـی ئایاری ٢٠٢٥ـدا کۆنگرەی ١٢ـی خۆی بەست.

دوێنێش لە بەیاننامەیەکدا ئەنجامی کۆنگرە بۆ ڕای گشتیی ڕاگەیاندرا، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، پەکەکە ڕۆڵی مێژوویی خۆی بینیوە و بۆ ئەوەی پرسی کورد بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بکرێت، چیتر تەڤگەری ئازادیی کوردستان لەژێر ناوی پەکەکەدا چالاکی ناکات و خەباتی چەکداری لەدژی دەوڵەتی تورکیا ڕادەگرێت.

هەم بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و هەم دەرئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە هەنگاوی مێژوویین، ئه م بانگەوازیی و ئەنجامه کاریگەرییەکی زۆری له سەر ڕای گشتیی کوردی و جیهانیدا درووست کرد، لە ئاستی دامودەزگا گەورە نێودەوڵەتییەکان و زلهێزەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لێکرا و بە لێدوانەکانیان پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرییان کرد.

هەروەها پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان هەڵوێستی ئەرێنی خۆیان دەربڕی و پشتیوانی پڕۆسەکەیان کرد، هەرچەندە وەک چاوەڕوان دەکرا نەبوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیاش بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لێکرد.

ئێمە وەک کەنەکە بە ئەرێنی دەڕوانین و پشتیوانی لە پڕۆسەی ئیمرالی لە نێوان بەڕێز ئۆجالان و دەوڵەتی تورکیا و بانگەوازەکەی بەێز ئۆجالان و دەرئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامێکی سەرکەوتوو، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەموو دەرفەتەکانمان کەڵک وەردەگرین.

پرۆسەیەکی گرنگە و ئەگەر پرسی کورد لە باکووری کوردستان چارەسەر بکرێت، کاریگەریی زۆر ئەرێنی لەسەر سێ پارچەکەی تری کوردستانیش دەبێت.

دەربارەی ئەم بابەتە؛ داوا لە هەموو هێز و دامەزراوە و لایەن و ڕێکخراوەکان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین کە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداریی ئەم پرۆسەیە بکەن و پشتیوانی لێ بکەن.

داوا لە دۆستانی گەلی کورد و هێزە ئاشتییخوازەکان دەکەین کە لەم پڕۆسەیەدا گەلی کورد بە تەنیا جێ نەهێڵن و بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە خەبات بکەن.

هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و زلهێزە جیهانییەکان دەکەین، بەتەنها لێدوانی ئەرێنی بەس نییە، پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تورکیا بەکار بهێنن بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.

داوا لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین کە ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە لە کاتێکدا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێوەدایە، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بەرەو پێش بچێت، بەێز ئۆجالان ئازاد بکەن، شەڕ ڕابگرن، بە زووترین کات ئەم پرسە بخەنە کارنامەی پەرلەمان و بنەمای سیاسی و یاسایی بۆ چارەسەرکردن دروست بکەن.

هیوادارین هەموو لایەنەکان بە ئەرکی بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن و لەم پرۆسەیەدا پرسی کورد چارەسەر ببێت.



AM:10:15:13/05/2025